هەولێر ـ INA
ئەمڕۆ دوو شەممە ، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی هانتا Hantavirus بڵاوکردەوە، و جەختی کردەوە کە تا ئێستا ئەو ڤایرۆسە بوونی نیە لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند:
"ڤایرۆسی هانتا Hantavirus نەخۆشیەکی ڤایرۆسی گواستراوەیە لەڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکان بە بەرکەوتن لەگەڵیاندا یان لەگەڵ دەرهاویشتەکانیان دەگوازرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد ،"هەوکردن ڕوودەدات بە هەڵمژینی تۆزی پیسبوو بە دەرهاویشتەکانی قرتێنەری تووشبوو بەتایبەتی لەکاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان هەواگۆڕکێی خراپ".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، هەموو ساڵێک پێشبینی دەکرێت لەنێوان ١٠ بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لەجیهاندا ڕووبدات، نیشانەکانی وەکو (تا، ماندووبوونی زۆر، سەرئێشە، ئازاری سک و ماسولکەکان و ڕشانەوە و کۆکە و تەنگەنەفەسی لە حاڵەتە توندەکاندا دەردەکەوێت و ڕێژەی مردن لە ٢٠٪ بۆ ٥٠٪ دەبێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ،"وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زۆر بەووردی چاودێری دۆخەکە دەکات بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی WHO بەدواداچوونی ئەم حالەتەی کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە ، "خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا Hantavirus بوونی نیە لە هەرێمی کوردستان سەڕەڕای ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی و زانیاری تەکنیکی و ڕێنمایی پەیوەندیدار و ڕێگەی پشکنین و تاقیگە و چارەسەرییە پێویستیەکان و هۆشیاری تەندروستی دەگرێتەبەر لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیە پەیوەندارەکان و هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەینەوە کە لە ئێستادا هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جووڵەی هاوڵاتیان پەیوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی لەئارادا نیە تەنها ڕێوشوێنەکانی تەندروستی گشتی جەخت لەسەر چاودێریکردن و پتەوکردنی بەرنامەی پەتازانی بۆ زوو دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی حالەتەکان و ڕۆشنبیری تەندروستی و پاکوخاوێنی ژینگە و ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی قرتێنەر ڕێککاری هەنووکەییە".