بەغدا ـ INA ـ حەسەن فەواز

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی، ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی زیاتر لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی ئەلیکترۆنی لە حەوت پارێزگا دەستی پێ کردووە، هاوکات پەردەی لەسەر پلانێک لادا بۆ بەستنەوەی کۆگاکان و بریکارەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.

ڕیاز مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی چاودێریی بازرگانی و دارایی لە وەزارەت، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "زیاتر لە حەوت پارێزگا شاهیدی دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بوون لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی ئەلیکترۆنی، و کارکردن بەردەوامە بۆ فراوانکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە".

ڕوونیشی کردەوە کە "وەزارەت جددییە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و دوورکەوتنەوە لە مامەڵەی کاغەزی، بە جۆرێک کە کارتی خۆراک و میکانیزمەکانی خزمەتکردنی ئەو هاووڵاتییانەی سوودمەندن لێی بگرێتەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد "هاووڵاتی دەتوانێت مامەڵەکانی گواستنەوە، جیاکردنەوە، سڕینەوە و ئەوانی تریش لە ڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجام بدات".

وتیشی "پلان هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەو بەرنامەیەی لە فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون پەیڕەو دەکرێت، بە جۆرێک ڕێگە بدات بە ناسینەوەی ئەو هاووڵاتییانەی بەشەخۆراکیان لە بریکارەکان وەرگرتووە و ئەوانەشی وەریان نەگرتووە، جگە لە زانینی ژمارەی ئەو بەشانەی دەگاتە دەست هەر بریکارێک".

لە کۆتاییدا وتی: "وەزارەت کار دەکات بۆ بەستنەوەی کۆگاکان و بریکارەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ ئامادەکردنی نەخشەیەکی جوگرافی بۆ تۆڕی بریکارەکان بۆ زانینی شوێنەکانیان بە وردی"، ئاماژەی بەوەش کرد "ئاڕاستەیەک هەیە بۆ دابینکردنی کامێرای چاودێری بۆ دوکانەکان، هاوکات لەگەڵ پەیڕەوکردنی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی".