بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی نەوت، ڕایگەیاند کە هێڵی هەناردەکردنی نەوتی خاو (کەرکووک – نەینەوا) تاوەکو بەندەری جەیهانی تورکی لە ماوەی مانگێکدا دەخرێتە گەڕ، هاوکات پلانی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی ئاسایی هەناردەکردن لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز ئاشکرا کرد.

باسم محەمەد خەزیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: وەزارەت کار لەسەر تەواوکردنی هێڵی بۆری کەرکووک – نەینەوا دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی یەک مانگدا ئامادەی کارکردن بێت، ڕوونیشیکردەوە : کە ئەم بۆرییە لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمە و بە توانای هەناردەکردنی 350 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دیزاین کراوە، بەڵام گەیشتن بەم ژمارەیە لە ئێستادا بەهۆی سنوورداریی توانای بۆری گواستنەوەی نێوان بەسڕە و کەرکووکەوە مەحاڵە،ئاماژەی بەوەش کرد کە چارەسەری تەکنیکی پێشنیازکراو بریتییە لە پڕۆژەی ستراتیژی داهاتووی (بەسڕە – حەدیسە).

سەبارەت بە جووڵەی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، بریکاری وەزارەت جەختی کردەوە کە عێراق پێش ڕووداوەکانی ئێستا ڕۆژانە 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە 4 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلە.

ئاماژەی بەوەشکرد : لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، وەزارەت دەتوانێت تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاستی هەناردەکردن بۆ باری ئاسایی پێشوو بگێڕێتەوە.

هەروەك وتیشی: کارە لۆجستییەکان بەردەوامن، کە دوو کاتۆری نەوت بە نەوتی خاو بارکراون و چاوەڕێی گەیشتنی دوو کاتۆری دیکەین، جەختیشی کردەوە کە کاتەکانی جووڵە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی.