وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایدەگەیەنێت بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە خەریکی ڕێگریکردنە لە مووشەکی بالیستیک و کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و دەشڵێت ئەمڕۆ یەکشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان تێکشکاندووە.

بەپێی ئامارێک کە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانەوە تا ئێستا هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە گەیشتووەتە دوو هەزار و 265 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 29 مووشەکی کروز و 551 مووشەکی بالیستیک.

هاوکات کوەیتیش ڕایگەیاندووە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە "دژبەرەکانی" لە ئاسمانی خۆیدا دەستنیشان کردووە.

بەرەبەیانی یەکشەممە عەبدولعەزیز ئەلعەتوان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کوەیت ڕایگەیاند چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دژبەر لە ئاسمانی کوەیت بینراون و بەپێی ڕێنماییەکان وەڵامیان دراوەتەوە.

هیچ وردەکارییەکی دیکە لەم بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.

هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە لە کاتێکدایە کە بە پێی ئاگربەست، هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕاگیراون.