بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، ئامارێکی گشتگیری ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی ڕاگەیاند کە لە حکومەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی پێشکەش کراون، ئاماژەی بەوەش کرد : کە ژمارەی سەردانیکەرانی دامەزراوە تەندروستییەکان گەیشتووەتە 211 ملیۆن و نیو.
"حەسناوی " لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، وتی: ژمارەی سەردانیکەرانی دامەزراوە تەندروستییەکان لە حکومەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی گەیشتووەتە 211 ملیۆن و نیو کەس، کە 100 ملیۆن و نیویان سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکانیان کردووە، 5 ملیۆن و نیو سەردانی سەنتەرە پسپۆڕییەکان و 88 ملیۆن کەسیش سەردانی سەنتەرەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتاییان کردووە.
ووتیشی : ژمارەی ئەوانەی لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە (خەوێنراون) گەیشتووەتە 9 ملیۆن و نیو، ژمارەی نەشتەرگەرییەکان 4 ملیۆن و 800 هەزار بووە، لە کاتێکدا پشکنینە تاقیگەییەکان گەیشتووەتە 480 ملیۆن و پشکنینە دەستنیشانکارییە پاڵپشتەکانیش 53 ملیۆن و 300 هەزار بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ژمارەی ژەمە دەرمانەکان بۆ نەخۆشانی (شێرپەنجە) 582 هەزار بووە، ژمارەی ژەمەکانی چارەسەری بە تیشک 406 هەزار بووە، لە کاتێکدا ژمارەی پرۆسەکانی شۆردنی گورچیلە گەیشتووەتە 7 ملیۆن و 150 هەزار.
ڕوونیشیکردەوە : کە ئەم ژمارانە بە ڕەچاوکردنی ئەوە وەرگیراون کە تەنها 60%ی بودجەی 2025ی تەرخانکراو بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابینکراوە، هەروەها بودجەی کارپێکردنیش لە نێوان 25 بۆ 30%ی دابینکراوە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: یاسای دەستەبەری تەندروستی لە کاتی دەستپێکردنیدا ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند لە فەرمانبەران بووەوە و زۆر کەس بەشداریکردنیان ڕەتکردەوە، بەڵام ئێستا لیستی چاوەڕوانی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت زۆر درێژە، تا ئێستا 2 ملیۆن و نیو کەس سوودمەند بوونە.
ئاماژەی بەوە کرد : ژمارەیەکی زۆر چاوەڕێی تۆمارکردنن و گواستنەوە بۆ 9 پارێزگای تریش هەیە، و ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا بگەینە زیاتر لە 7 ملیۆن بەشداربوو.
ئەوەشی خستەڕوو: دەستەبەری تەندروستی نزیکەی 377 هەزار خزمەتگوزاری تەندروستی و 931 هەزار پشکنینی تاقیگەیی و خزمەتگوزاری تری پێشکەش کردووە.
حەسناوی جەختی کردەوە: 22 دامەزراوەی تەندروستی لە نێوان نەخۆشخانە و سەنتەری پسپۆڕی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کراونەتەوە، لە سایەی حکومەتی ئێستادا لە هەر پارێزگایەک سەنتەرێک یان زیاتر بۆ چارەسەری بە تیشک بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە.
ئاماژەشی بەوەکرد : لە بەغدا سەنتەری جەوادەین و سەنتەری مەدینە سەدر هەن و سەنتەری نەخۆشخانەی ئەمەل نوێکراوەتەوە، لە سەرجەم پارێزگاکانیش سەنتەر هەیە، تەنها لە سەنتەری کەرکوک کێشەی گەیاندنی کارەبامان هەیە، لە دیوانییەش ڕێژەی تەواوبوون 80%ی تێپەڕاندووە و لە موسەنناش لە دوو ساڵی داهاتوودا تەواو دەبێت تاوەکو لە هەر پارێزگایەک سەنتەرێکی پێشکەوتووی چارەسەری بە تیشک هەبێت.
باسی لەوەشکرد : کە وەزارەت توانیویەتی دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابین بکات و خەرجییەکانی چارەسەری ڕێکبخاتەوە، ئەمەش بەهۆی پەرۆشی وەزارەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی نایاب، کە توانراوە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار پاشەکەوت بکرێت.
ڕاشیگەیاند : کە جێگیرکردنی پیشەسازی دەرمانی گەیشتووەتە 33 کارگە، لە گرێبەستە دەرمانییەکانماندا جێگامان کردوونەتەوە و ئامانجمان ئەوەیە پیشەسازییەکە عێراقییەکی ڕاستەقینە بێت، و توندین لە پێوەرەکاندا و پەنا بۆ لایەنە دەرەکییەکان دەبەین بۆ هەڵسەنگاندنی کارگەکان، بە ئامانجی بەرهەمهێنانی دەرمانێکی سەلامەت و دەستەبەرکراو بۆ ڕۆڵەکانی گەلی عێراق، وەزارەتیش سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەسەر کارگەکاندا.
ئەوەشی وت: وەزارەت بە پێداگری و دیدگای داهاتووی خۆی لە پڕۆژەی بەدواداچوونی دەرمان لە دەرمانخانەکان سەرکەوتوو بوو، هەروەها دەستەی نیشتمانی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان توانییان ماددە قاچاخەکان دەستبەسەر بکەن و چەندین نەخۆشخانە تەواو بکەن، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆش هاوکار بووین بۆ دروستکردنی دامەزراوەی تایبەت بە ڕاگیراوان و دروستکردنی سەنتەری نەخۆشخانەی قەنات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵوودەبوون.
دووپاتیشیکردەوە کە گرێبەستەکانی بەڕێوەبردنی هاوبەش بەشداربوون لە باشترکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان، لە کاتێکدا خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی گشتی سەرکەوتوو بوون لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردنی دایکان بە ڕێژەی 30%.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتیمان بۆ دۆزینەوەی نەخۆشی پەستانی خوێن لە ڕێگەی تیمە پزیشکییەکانەوە دەستپێکرد کە لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاودەبنەوە، تێیدا دەرکەوتووە 11%ی هاووڵاتیان تووشبوون و نەیانزانیوە کە پەستانی خوێنیان هەیە، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە.