بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران، میوانداری بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی گشتی خانەنشینی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموارکردنەوەی مووچەی برینداران،و شەهیدان و خانەنشینان لە چوارچێوەی یاساکەدا تاوتوێ کراوە بە جۆرێک کە دادپەروەری بۆ ئەم توێژانە دابین بکات.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان، بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار ،خالید عوبەیدی، و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، میوانداری بریکاری سەرۆکی دەستەی گشتی خانەنشینی و کادیری پێشکەوتووی دەستەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی گشتی خانەنشینی کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (18)ی ساڵی 2011.
وەک لە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری سەرۆکی دەستەی گشتی خانەنشینی،و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ،و بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە مرۆییەکان،و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هاووڵاتیان،و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ، جگە لە بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان و بەدواداچوون، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی و بەڕێوەبەری بەشی مەدەنی لە دەستەی گشتی خانەنشینی ئامادە بوون، تێیدا دیارترین کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە لایەنەکانی خانەنشینی و مافە وەزیفییەکان، تاوتوێ کران.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی بریندارە کەمئەندامەکان و ئاسانکاری ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی نەخۆشی بەوان کرا، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەی مووچەی برینداران،و شەهیدان و خانەنشینان، و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینی بەپێی بڕگەکانی یاساکە بە جۆرێک کە مافی ئەم توێژانە بپارێزرێت.
لیژنەکە جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی یاسایی کە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پێوەی دەناڵێنن، بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری وەزیفی و پاراستنی مافە خانەنشینییەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە: کۆبوونەوەکە بە ڕاسپاردەیەک بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کۆتایی هات، کە ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی/فەرمانگەی گشتی خانەنشینی لەخۆبگرێت، بۆ لێکۆڵینەوە و هەموارکردنەوەی هەندێک ماددەی یاساکە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ دەبنەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئێستا بگونجێت.

