بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، جەختی لە گرنگیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە، هاوکات، نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا، ستایشی ڕۆڵی حکومەتی عێراقی کرد لە پرۆسەکانی هێورکردنەوە و خاوکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، پێشوازی لە ،نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا کرد.

بەگوێرەی ناوەرۆکی بەیاننامەکە : هەردوولا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی و یەکێتی ئەوروپا بەگشتی لە هەموو ئاستەکاندا کرد، جگە لە پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنەکانەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی دەوڵەتان و گەلان بکات.

ئەعرەجی،لە میانی دیدارەکەدا جەختی لە گرنگی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند کە "جیهان وابەستەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و لەپێشینەدانی بەرژەوەندیی گەلان و وڵاتانە.

لای خۆشیەوە، باڵیۆزی ئیتاڵیا ستایشی "ڕۆڵی حکومەتی عێراقی کرد لە پرۆسەکانی هێورکردنەوە و کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە ڕێگەی پێگەی کاریگەری و بانگەوازە بەردەوامەکانی بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەی بکات.