ئەنقەرە - INA
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5/9، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ توركیا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆشكی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی توركیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزتركردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا كردەوە.
سەرۆكی حكومەت ستایشی ڕۆڵی سەرۆك ئەردۆغان و توركیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە كرد و خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریكاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات كردەوە.
سەرۆك كۆماری توركیا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی كرد وەك فاكتەرێكی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا. هەردوولا جەختیان لە كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ تاوتوێ كرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست كە كابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتكردنی گشت پێكهاتەكان بێ جیاوازی و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەكدانانی پەكەكە، بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو. سەرۆكی حكومەت پشتگیری بۆ پرۆسەكە دووپات كردەوە و سەرۆككۆماری توركیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەكە كردەوە.


