بەدواداچوون – INA
ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر ئەو دەستپێشخەرییەی کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی تەقە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ڕایگەیاندبوو.
یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێشخەرییەکەی ترامپ سەبارەت بە ئاگربەست لە 9 تا 11ی ئایار و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ کیێڤ بەپێی هاوکێشەی (هەزار بەرامبەر هەزار)".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم دەستپێشخەرییە لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەم دواییەی نێوان پوتین و ترامپ دێت، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی گفتوگۆکەدا لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ کیێڤ".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "کرێملین جەختی لە گرنگی هاوکاتبوونی ئەم دەستپێشخەرییە کردووەتەوە لەگەڵ 81ەمین ساڵیادی جەژنی سەرکەوتن بەسەر نازیزمدا".
لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕەزامەندی وڵاتەکەی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ڕاگرتنی تەقە لەگەڵ ڕووسیا ڕاگەیاند.

