بەغدا - INA - ئامەنە سەلامی

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی بازرگانی، جەختی کردەوە کە ڕێبەری هەناردەکردنی عێراقی کە بە هاوکاری یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق ڕاگەیەندرا، بنکەیەکی زانیاری تەواو دەربارەی بەرهەمە عێراقییە شیاوەکانی هەناردەکردن و زانیاری دەربارەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و بازاڕە ئامانجدارەکان دابین دەکات.

وتەبێژی وەزارەت، محەمەد حەنوون، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ڕێبەری هەناردەکردنی عێراقی بە هاوکاری یەکێتی پیشەسازییەکانی عێراق خرایەگەڕ"، گوتیشی: "ڕێبەرەکە هەنگاوێکی ستراتیژی گرنگە لە ڕێڕەوی چالاککردنی ئابووری نیشتمانی؛ چونکە بنکەیەکی زانیاری گشتگیر دەربارەی بەرهەمە عێراقییە شیاوەکانی هەناردەکردن، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، توانای بەرهەمهێنان، تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان و بازاڕە ئامانجدارەکان دابین دەکات، ئەمەش بەشدار دەبێت لە پێشکەشکردنی وێنەیەکی ڕوون دەربارەی تواناکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی عێراق لەبەردەم وەبەرهێنەران و هاوردەکاران لە دەرەوە".

حەنوون ئاماژەی بەوەش کرد: "گرنگی ئەم ڕێبەرە لەوەدایە کە ئامرازێکی ئابووری و بازاڕکردنە و یارمەتیدەر دەبێت لە کردنەوەی دەروازەی نوێ لەبەردەم بەرهەمی عێراقی و بەهێزکردنی بوونی لە بازاڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لە سایەی ئاراستەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هەروەها دەرفەتێکی گەورەتر بە کەرتی تایبەت دەدات بۆ ناساندنی بەرهەمەکانی بەگوێرەی پێوەرە پیشەیی و ڕێکخراوەییە پەسەندکراوەکان، کە ئەمەش ئاستی کێبڕکێی پیشەسازییە نیشتمانییەکان بەرز دەکاتەوە".

سەبارەت بە ئاستی کەرتی گشتی، حەنوون ڕوونی کردەوە کە "ڕێبەرەکە بەشدار دەبێت لە پشتگیریکردنی کۆمپانیا حکومییە بەرهەمهێنەرەکان لەڕێگەی ناساندنی بەرهەمەکانیان و گەیاندنیان بە بازاڕە دەرەکییە نوێیەکان، جگە لە بەهێزکردنی تەواکاری لەنێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی پیشەسازی تایبەت لە چوارچێوەی دیدێکی ئابووری یەکگرتوو کە زیادکردنی هەناردە نانەوتییەکان دەکاتە ئامانج".

حەنوون لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت ڕێبەرەکە بەشدار بێت لە بنیاتنانی پردی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان بەرهەمهێنەری عێراقی و هاوردەکاری بیانی و دابینکردنی زانیاری ورد کە پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسان دەکات، لەگەڵ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ گێڕانەوەی پێگەی بازرگانی و پیشەسازی خۆی لە ناوچەکەدا".

ئاماژەی بەوەش کرد: "وەزارەت پێی وایە ئەم هەنگاوە پەیامێکی ئابووری گرنگە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە عێراق خاوەنی بنکەیەکی بەرهەمهێنانە کە توانای کێبڕکێی هەیە، وە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە بەردەوامی پشتگیریکردنی بەرهەمی نیشتمانی و پەرەپێدانی ژێرخانی هەناردەکردن و ئاسانکردنی ڕێکارە گومرگی و بانکییەکان هەیە، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابووری و هەلی کار و گەشەپێدانی بەردەوام هەبێت".