بەغدا - INA - ئامەنە سەلامی
ئەمڕۆ هەینی ، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە کە سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ بەشێکە لە سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێکاری بەردەوام هەن بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری دینار و کۆنترۆڵکردنی نەختینەیی و بەردەوامی دابینکردنی دۆلاری نەختینەیی.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "سیاسەتی نرخی ئاڵوگۆڕ و سیستەمی نەختینەیی لە پسپۆڕییە تایبەتەکانی دەسەڵاتی نەختینەیین بەگوێرەی یاسای بانکی ناوەندی عێراق ژمارە (56)ی ساڵی 2004، کە سەربەخۆیی یاسایی بە بانکی ناوەندی بەخشیوە لە کێشان و جێبەجێکردنی سیاسەتە نەختینەییەکانیدا، لەگەڵ لێپرسینەوە لێی لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بەپشتبەستن بە ماددەی (103) لە دەستووری کۆماری عێراق".
گوتیشی: "بانکی ناوەندی عێراق سیاسەتی نرخی ئاڵوگۆڕی فەرمی جێگیر وەک لەنگەرێکی ناوی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری گشتی نرخەکان لەسەر مەودای درێژ، پاراستنی هاوسەنگی نەختینەیی و سنووردارکردنی پێشبینییەکانی هەڵاوسان پەیڕەو دەکات".
ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرەڕای سەربەخۆیی سیاسەتی نەختینەیی، بەڵام بەڕێوەبردنی نرخی ئاڵوگۆڕ بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکار بەپێی دەستوور ئەنجام نادرێت، بەتایبەتی هەماهەنگی لەگەڵ دارایی گشتی لە جێبەجێکردنی سیاسەتی داراییدا، چونکە نرخی فەرمی لە لایەکەوە نرخێکی گرێبەستییە لەنێوان هەردوو سیاسەتی نەختینەیی و داراییدا".
ئەوەشی خستەڕوو: "بانکی ناوەندی لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی ئاگادارکردووەتەوە کە نرخی ئاڵوگۆڕی پەسەندکراو بۆ مەبەستی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2026 لە دەوروبەری (1300) دینار دەبێت بۆ هەر دۆلارێک، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی پابەندبوونە بە نرخە فەرمییە جێگیرەکەی کە لە شوباتی 2023وە تا ئەمڕۆ پەسەندکراوە، کە نیشانەیەکی گرنگی سەقامگیرییە بۆ بازاڕ و پێشبینییەکانی".
سەبارەت بە بازاڕی هاوتەریب (بازاڕی ڕەش)، ساڵح ڕوونی کردەوە: "پشت بەستن بە دابینکردنی دارایی بۆ بازرگانی دەرەکی لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکان و بە نرخێکی ئاڵوگۆڕی جێگیر، بەشدار بووە لە بەدیهێنانی ئەنجامی گرنگ لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ناجێگیری ئەم بازاڕە ڕەشە لەسەر سەقامگیری نرخەکان، دیارترینیان ئەوەیە کە بازاڕی فەرمی پشکی زیاتر لە 90%ی داخوازی ڕاستەقینە بۆ دۆلار هەڵدەمژێت و داخوازی لە بازاڕی هاوتەریبدا بۆ ئاستێکی کەم کەم دەکاتەوە".
جەختیشی کردەوە کە "سەقامگیری بازاڕی هاوتەریب تەنها لە ڕێگەی زیادکردنی خستنەڕووی دۆلاری نەختینەیی بۆ گەشتیاران و ئەوانی دیکە بەدی نایەت، کە ڕێژەی نێوان 5% بۆ 10%ی کۆی داخوازی دراوی بیانی پێکدەهێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی پاکێجێکی تەواکاری لە ڕێکارەکانەوە دەبێت کە تا ئێستا بەردەوامن و بریتین لە: بەڕێوەبردنی کاریگەری نەختینەیی لە ڕێگەی دەستوەردان لە بازاڕی ئاڵوگۆڕ، ڕێکخستنی کەناڵەکانی داخوازی فەرمی بۆ دراوی بیانی، بەهێزکردنی متمانە بە دامەزراوە و سیاسەتە نەختینەییەکان، جگە لە پەرەپێدانی ژێرخانی بازرگانی و دارایی ناوخۆیی".
ئاماژەی بەوەش دا: "بەردەوامی دابینکردنی دۆلاری نەختینەیی وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەمێنێتەوە لە سەقامگیری بازاڕی هاوتەریب و ئەو دەنگۆیانەی لەگەڵیدایە، ئەوەش بەپێی پلانەکانی دابینکردنی لێکۆڵینەوەکراو کە پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ پڕدەکاتەوە، لەگەڵ پابەندبوون بە پێوەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی دراوی بیانی و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە یان دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە نایاساییەکان".

