بەغدا – INA – فاتیمە ڕەحمە
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە بەردەوامیی گەشەی ئاوەدانی لە عێراق هاوکارە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
ئیکۆر بۆسک، ڕێکخەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیی پاراستنی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی ڕۆڵی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە کەمکردنەوەی شوێنەوارەکانی هەژاری و بێکاری.
وتیشی: عێراق ڕێژەیەکی بەرزی بێکاری بەخۆوە دەبینێت، سەرەڕای هەبوونی سامانی گەورە کە پێویستی بە بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی باشتر هەیە، جەختیشی کردەوە کە ڕێژەی بێکاری نزیکەی ١٧٪ـە.
بۆسک کۆمەڵێک چارەسەری بۆ بێکاری پێشنیار کرد، لەوانە: هەمەجۆرکردنی ئابووری و هاندانی وەبەرهێنان لە پڕۆژە بچووک و نوێیەکاندا، بەتایبەت لەو کەرتانەی توانای دابینکردنی هەلی کاری زۆریان هەیە وەک کشتوکاڵ، وۆرکشۆپە پیشەسازییەکان، و خزمەتگوزارییەکان، جگە لە چالاککردنی کەرتەکانی گەشتیاری و وەبەرهێنان لە سامانە سروشتییەکاندا.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەبوونی لە عێراق ئامانجی خستنەڕووی دیدگا و پلانەکانە کە هاوکار دەبن لە کێشانی نەخشەڕێگایەک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی بێکاری، ئەویش لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر بەرنامەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ورد، کە دەرچووان و خاوەن پیشە و کرێکاران بە هەموو ئاستەکانیانەوە دەگرێتەوە، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ تێکەڵکردنیان لە بازاڕی کار و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرنامەیەکی کاری گشتگیری پێیە کە کۆمەڵێک پلان و ڕێکاری پێشنیارکراو لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم حکومەتی عێراق، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لێی لەلایەن لایەنە پسپۆڕەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگەی عێراق و پێداویستییەکانیدا بگونجێت.
سەرسامیی خۆی بە عێراق و عێراقییەکان دەربڕی و وتی: بەغدا گەشەیەکی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت، و تێبینی جوڵەیەکی ئاوەدانیی بەردەوام دەکەین کە یارمەتیمان دەدات لە کارەکانماندا بۆ بەدیهێنانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی

