بەدواداچوون – INA
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، واشنتن و تاران لە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی جەنگ نزیک دەبنەوە.
ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە، واشنتن و تاران لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سنووردار و کاتی بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە ڕێگەی ڕەشنووسی چوارچێوەی کارێکەوە نزیک دەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەردوو لایەن ئاستی داواکارییەکانیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکە و چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز کەم کردووەتەوە.
وتیشی، چوارچێوەی کارەکە لە سێ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت، ئەوانیش: کۆتاییهێنان بە جەنگ، چارەسەرکردنی قەیرانی هورمز، و کردنەوەی دەرفەتێکی ٣٠ ڕۆژە بۆ دانوستان.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە پلانی نوێ لەسەر بنەمای یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی کورتخایەنە لەبری ڕێککەوتنی ئاشتی، ئەمەش قووڵیی ناکۆکییەکانی ئێستا دەردەخات، هەروەها ناکۆکیی نێوان تاران و واشنتن ئەو ماوەیەش دەگرێتەوە کە تێیدا ئێران کارەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕادەگرێت .

