بەغدا - INA- محەمەد تالبی

وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، پڕۆژەی بۆری بەسرە – حەدیسە، ڕۆژانە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی ٣ دەروازەوە هەناردە دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ١٥ هەزار هەلی کار دابین دەکات، جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەکە وا لە عێراق دەکات سوود لەو زیادبوونەی هەناردە ببینێت کە "ئۆپێک" پێیان دەبەخشێت.

ساحیب بزوون، وتەبێژی وەزارەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ڕێڕەوی وشکانی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری بەسرە– حەدیسە، ڕێڕەوێکی یاریدەدەرە بۆ گواستنەوەی دەریایی کە بە ئارام و خێرا و کەم تێچوو دادەنرێت، ڕوونیشیکردەوە کە قەبارەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری بەسرە – حەدیسە دەگاتە دوو ملیۆن و نیو بەرمیل و سوودی زۆری هەیە، چونکە نەوت دەگەیەنێتە پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باشوور و باکووری عێراق بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان.

وتیشی: ئەم ڕێڕەوە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی سێ ئاراستەوە ئاسان دەکات کە بریتین لە: بانیاس لە سووریا، جەیهان لە تورکیا و عەقەبە لە ئوردن، بە توانایەک کە دەگاتە دوو ملیۆن و نیو بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆرییەکە ٥٦ خاڵی گەورەی بەستنەوە لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە کارکردن لە پڕۆژەکەدا دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەستیپێکرد، ڕوونی کردەوە کە جێبەجێکردنی بەهۆی نەبوونی نەختینەوە دواکەوت، چونکە ٥ ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، کە ملیار و نیوێکی تەرخانکراوە و ئەوەی تریشی بە چەند قۆناغێک دەبێت.

ڕوونی کردەوە کە هێزی کار لە پڕۆژەکەدا دەگاتە نزیکەی ١٥ هەزار کرێکاری عێراقی، جەختی کردەوە کە ئەم بۆرییە سوودە ناوخۆییەکانی زیاترە لە سوودە دەرەکییەکانی، چونکە ئەو تانکەرانەی کە نەوتی خاو لە کێڵگەگانی باشوورەوە دەگوازنەوە، لەمەودوا گواستنەوەکەیان لە ڕێگەی بۆرییەوە دەبێت بۆ پڕکردنی پاڵاوگەکان، جگە لە کاراکردنەوەی بۆرییە گرنگەکەی کەرکووک – جەیهان کە وەزارەت کار بۆ کارپێکردنەوەی دەکات بە توانای ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمە جێگرەوەی گواستنەوەی دەریایی نییە، بەڵکو یاریدەدەرە لە کاتی قەیرانەکاندا بۆ هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوت.

تەئکیدی کردەوە کە پڕۆژەکە کاتی نییە و جێگرەوەی گواستنەوەی دەریایی نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی نەوتدایە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی هەناردەی نەوت بۆ زیادکردنی داهاتەکان، چونکە دەوڵەتی عێراق بە زیاتر لە ٩٠ لەسەد پشت بە نەوت دەبەستێت.

لە کۆتاییدا وتی: ئەم پڕۆژەیە وامان لێدەکات سوود لەو زیادبوونەی هەناردەی نەوت ببینین کە هەندێک جار 'ئۆپێک' دەیبەخشێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق توانیویەتی لە ماوەی مانگی نیسانی ڕابردوودا دوو باری نەوت هەناردە بکات