بەغداد- INA

دەستەی گشتیی گومرگ، ئەمڕۆ چوارشەممە، گەیشتنی یەکەم دوو بارهەڵگری بازرگانی ڕاگەیاند کە لە لایەنی سووریاوە و لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی وەلیدەوە هاتوون، لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی ئابوورییە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

دەستەکە، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەنتەرە گومرگییەکان لە دەروازەکە دەستیان کردووە بە ڕێکارەکانی وردبینی و پشکنین بەپێی ڕێسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، بە شێوەیەک کە کارئاسانی بۆ کارەکان و خێرایی لە تەواوکردنی مامەڵەکاندا مسۆگەر بکات، لەگەڵ پاراستنی لایەنە چاودێری و ڕێکخستنییەکان."

راشیگەیاند: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەستەی گشتیی گومرگدایە بۆ کاراکردنی دەروازە سنوورییەکان و پاڵپشتیکردنی جووڵەی بازرگانیی هەرێمی، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بوژاندنەوەی ئابووریی نیشتمانی و بەهێزکردنی داهاتە گشتییەکان."