بەغداد – INA - ویسام مەلا

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەکالەت هەڵۆ عەسکەری، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: توێژینەوەی زانستی ئامرازێکە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی بێکاری و هەژاری و شیکردنەوەی ئاراستەکانیان.

عەسکەری، لە میانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ چارەسەرکردنی هەردوو دیاردەی بێکاری و هەژاری لە عێراق، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین کە لەگەڵتان بین لە چالاکییەکانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ چارەسەرکردنی بێکاری و هەژاری لە عێراق، کە ڕێگاکە کورت دەکاتەوە و ئاراستەی ڕاست بەرەو تەواوکاریی مەعریفە و یەکخستنی سیاستەکان دیاری دەکات، لە پێناو گەڵاڵەکردنی چارەسەری خوازراو کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بێت لە بوارەکانی گەشەپێداندا و ئاسۆیەکی بەردەوام لەبەردەم نەوەکان بۆ بەشداریکردن و بەرهەمهێنان و گۆڕینی مەعریفە بۆ هەلی گەشەپێدانی کارا بکاتەوە."

ڕوونیشیکردەوە: "بێکاری و هەژاری، دوو ڕووی یەک قەیرانن کە هۆکارە ئابووری و دامەزراوەییەکانیان فرەجۆرن، لە پێشەنگیشیاندا تێکچوونی بازاڕی کار و سروشتی ئابووریی ڕەیعی وەستاوە، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لۆژیکی وەزیفەی بەسەر کولتووری بەرهەمهێناندا زاڵ کردووە و مەیدانی کارەکەی ڕووبەڕووی لەرزین کردووەتەوە لەژێر ڕۆشنایی هەڵبەز و دابەزی بازاڕەکانی نەوت و گۆڕاوەکانی ئابووری جیهانی."

ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەیری بێکاری و هەژاری دەکات وەک تەحەدایەکی گەورە کە پەیوەستە بە فێربوون و گەشەپێدانی کارامەییەکان و بازاڕی کار و توانای دامەزراوەکان بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری بەردەوام نەک چارەسەری کاتی، ئەمەش پێویستی بە دیدگایەکی نیشتمانی گشتگیر هەیە کە لە دەستنیشانکردنی زانستیی هۆکارەکان و شیکردنەوەی فاکتەرە کاریگەرەکانەوە دەست پێ بکات، تا دەگاتە بڕیاری کارا لە بەڕێوەبردنی سەرمایەی مرۆیی وەک تەوەر و ئامانجی گەشەپێدان."

زیاتر گوتی: "ژینگەی زانکۆكانی عێراق ئەمڕۆ، هەلی خوێندنی ڕوو لە زیادبوون دەڕەخسێنن بۆ هاوشانبوونی نیشاندەرەکانی گەشەی دانیشتووان، و لە هەمانکاتدا دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان کار دەکەن بۆ ئەوەی بڕوانامە بەخشراوەکانیان بەشێک بن لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و بونیادنانی توانا و پەرەپێدانی کارامەییەکان."

عەسکەری جەختیکردەوە، لەسەر "پەرۆشی وەزارەت بۆ گونجاندن لە نێوان دەرچووانی خوێندن و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و بازاڕی کار، تاوەکو زانکۆکان بگۆڕدرێن بۆ دامەزراوەی کاریگەر لە کەمکردنەوەی بێکاری و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و بەهێزکردنی نیشاندەرەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، ئەویش لە ڕێگەی نوێکردنەوەی پڕۆگرامە ئەکادیمییەکان و پەرەپێدانی مەنهەجەکان و پشتگیریکردنی خوێندنی تەکنیکی و چەسپاندنی هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت و فراوانکردنی ژینگەکانی ڕاهێنان و بەهێزکردنی خوێندکاران بە کارامەییەکانی کارسازی کە ئامادەیان دەکات بۆ تێکەڵبوون لە ژینگەی ئابووریی مەعریفەدا."

ئاشكراشیكرد: "نەخشەی چارەسەرەکان لە دیدگای دامەزراوەکانی خوێندنی زانکۆییەوە، لە ساتەوەختی بونیادنانی مەنهەج و داڕشتنی پڕۆگرامی ئەکادیمی و دیاریکردنی کارامەییە ئامانجدارەکان و بەستنەوەی خوێندن بە پێداویستییەکانی گەشەپێدانەوە دەست پێ دەکات."

ئاماژەی بەوەشکرد: "زانکۆکانی ئەمڕۆ چیتر لە چوارچێوەی شێوازە تەقلیدییەکەی نەوەی یەکەمی دامەزراوە زانکۆییەکاندا ناجوڵێنەوە و نابێت بەو شێوەیەش بن، چونکە چوارچێوە جیهانییەکان لە فێربوون و فێرکردن و توێژینەوەی زانستیدا پەیڕەو دەکەن و ڕێڕەوەکانیان بەرەو کێشە واقیعییەکان دەبەن کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبنەوە."

تەئكیدیشکردەوە، لەسەر "گرنگی ئەوەی کە توێژینەوەی زانستی ببێتە بنەما و ئامرازێکی سەرەکی لە دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی بێکاری و هەژاری و شیکردنەوەی ئاراستەکانیان و پێشنیارکردنی ئەو سیاسەتانەی کە شیاوی جێبەجێکردنن، و ناکرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم مەلەفەوە هێڵی دەستپێک بکێشن بەبێ ئامرازی زانستی و داتای ورد و توێژینەوەی مەیدانی و نیشاندەری ئەکادیمی کە یارمەتی بڕیار بەدەست دەدەن لە هەڵبژاردنی ڕێڕەوە گونجاوەکاندا."

هەروەها ئاماژەی بە "گرنگی بەستنی ئەم کۆنفرانسە کرد وەک فەزایەکی نیشتمانی بۆ تەواوکاریی مەعریفە و سیاسەتە جێبەجێکارییەکان و سەکۆیەک بۆ دیالۆگی نێوان توێژەران و دامەزراوەکان و دەرفەتێک بۆ گۆڕینی ئەنجامی توێژینەوەکان بۆ ڕاسپاردەی شیاوی پێوانەکردن و بەدواداچوون و جێبەجێکردن."

هاوكات دەستخۆشی لە "هەوڵی سەرپەرشتیارانی ئەم کۆنفرانسە جۆرییە" کرد و هیوای خواست "توێژینەوە زانستییەکان بگۆڕدرێن بۆ ڕاسپاردە کە پاڵپشتی بڕیاری نیشتمانی بکەن و هەلی کار و چارەسەری بەردەوام بەهێز بکەن کە شایستە بە عێراق و گەنجەکانی و داهاتووی بێت."