بەغداد – INA

سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ وەزیری جەنگی ئەمریکا پیت هیگسێت، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی کارکردن بۆ دووبارە چالاککردنەوەی مەشق و ڕاهێنان بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەییان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو عەلی فالح زەیدی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری جەنگی ئەمریکا پیت هیگسێت پێگەیشت، کە تێیدا پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ."

بەپێی بەیاننامەکە، لە میانی پەیوەندییەکەدا "باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە هاوکارییە ئەمنییەکان، بەگوێرەی ئەوەی لە ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هاتووە."

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "پەیوەندییەکە جەختی لە تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، لەگەڵ گرنگی کارکردن بۆ دووبارە چالاککردنەوەیان لە لایەنی مەشق و ڕاهێناندا، لە پێناو بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەییان."