بەغدا – INA

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکاری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و عەبدولمونعیم ئیبراهیم ساڵح، وەزیری ڕاژەی شارستانیی لیبیا، ڕێککەوتن لەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ڕێکخستن و چوارچێوەدارکردنی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکاری باڵیۆزخانەی عێراق لە دەوڵەتی لیبیا، لەگەڵ عەبدولمونعیم ئیبراهیم ساڵح، وەزیری ڕاژەی شارستانیی لیبیا کۆبووەوە و تێیدا تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ڕاژەی شارستانی و پەرەپێدانی کارگێڕیدا کرا."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "هەردوولا باسیان لە کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق-لیبیا کردووە،" و جەختیان کردووەتەوە لەسەر "گرنگیی کاراکردنی لیژنەکە بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی دامەزراوەیی، جگە لە ڕێککەوتن لەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ڕێکخستنی کاری هاوبەش و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌ ــ سەحاف جەختی کردەوە لەسەر "گرنگیی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموونەکان لە بوارەکانی مەشق و ڕاهێنان و پەرەپێدانی وەزیفی، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی کارایی ئەدای حکومی و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان."

لای خۆیەوە، "ساڵح ستایشی ئەزموونی عێراقی کرد لە بەهێزکردنی نا مەرکەزییەتی کارگێڕی و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدانی جۆراوجۆر،" و ئارەزووی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ "سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە و پەرەپێدانی بوارەکانی هاوکاری لەم ڕووەوە."