بەغدا – INA

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە کارنامەی پەرلەمانی دەبێتە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی قۆناغێکی نوێی کاری پەرلەمانتاری.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، ئەمڕۆ سێشەممە لە هۆڵی دەستووری لە بینای پەرلەمان، سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی کارنامەی پەرلەمانی و هەڵسەنگاندنی کارنامەی حکومەتی کرد، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە لەو پەرلەمانتارانەی خاوەن ئەزموونی سێ خولی پەرلەمانی و زیاترن، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و ڕاوێژکارانی ئەنجومەن؛ ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی تەوەرەکانی کارنامەی پەرلەمانی و دەوڵەمەندکردنی بڕگەکانی، وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی شێوەی کۆتایی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌ ــ فەیحان جەختی کردەوە کە "پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکردنی کارنامەی پەرلەمانی لە خولی شەشەمی یاساداناندا، هەنگاوێکی جۆری و بێپێشینەیە لە مێژووی کاری پەرلەمانیدا، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای ئەنجومەنە لە بوارەکانی یاسادانان، چاودێری و نوێنەرایەتیکردندا، ئەوەش لە ڕێگەی ڕاسپاردنی فەرمانگە تایبەتمەندەکان و شارەزا و ڕاوێژکاران بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەکی وردی کارکردن کە پشت بە خشتەی کاتیی دیاریکراو و جێبەجێکراو دەبەستێت، و بەرنامەی ڕوون و میکانیزمی جێبەجێکردن و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بەردەوام لەخۆدەگرێت، بە جۆرێک کە کارایی ئەدا بەهێز بکات و بەدیهێنانی ئامانجە کێشراوەکان مسۆگەر بکات."

فەیحان ڕوونیشیکردەوە کە "کارنامەی پەرلەمانی، قۆناغێکی نوێ لە کاری پەرلەمانتاری لەسەر بنەمای پلاندانان و بەرنامەڕێژی دادەمەزرێنێت، ئەویش لە ڕێگەی گرتنەبەری پێوەرە بابەتییەکان بۆ پێوانەکردنی ئەدای لیژنەکان و کاریگەرییان بە شێوەیەکی خولی، و بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری ئەنجومەن بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای گەندەڵی."

جەختیشی کردەوە کە "تەواکاری لە نێوان هەردوو کارنامەی پەرلەمانی و حکومەتی، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری نێوان هەردوو دەسەڵاتەکە بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە یاساییەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، جگە لە چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەشیی کۆمەڵایەتی لە پرۆسەکانی یاسادانان و چاودێریدا، بە جۆرێک کە ئەنجومەنی نوێنەران لە پێداویستی و خواستەکانی هاوڵاتییان نزیک بکاتەوە."