بەغدا – INA
هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق بۆ بۆکسێن، خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی خولی ئاسیایی کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لە ژاپۆن بەڕێوەبچێت.
ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی بۆکسێن، محەمەد عەبدولزەهرە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "هەڵبژاردەکە هەفتەی داهاتوو لە یانەی زەورا کۆبوونەوەیەکی ڕاهێنان ئەنجام دەدات، بە مەبەستی هەڵبژاردنی باشترین ئەو یاریزانانەی کە نوێنەرایەتی عێراق دەکەن لە خولە ئاسیاییەکەدا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەڵبژاردەکە چەندین توانا و کەسایەتی دیاری تێدایە"، جەختیشی کردەوە کە "لە ئەگەری دابینکردنی پاڵپشتی پێویست، دەتوانرێت دەستکەوت لەسەر ئاستەکانی عەرەبی، ئاسیایی و جیهانی بەدەست بهێنرێت".
عەبدولزەهرە ئاماژەی بەوەش کرد: "چەندین تەحەدای گەورە هەن، کە دیارترینیان نەبوونی ژێرخانێکی گونجاوە، چونکە لە ئێستادا هەڵبژاردەکە لە هۆڵێکی ئەهلیدا ڕاهێنان دەکات"، داواشی کرد "هۆڵێکی سەرەکی و تایبەت بە هەڵبژاردەکە هاوشێوەی وڵاتانی تر دروست بکرێت".
ڕوونیشیکردەوە کە "هەڵبژاردەکە پێویستییەکی زۆری بە ئەنجامدانی کەمپی ڕاهێنان هەیە بۆ پەرەپێدانی ئاستی یاریزانان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تەنگژەی دارایی کاریگەری نەرێنی لەسەر چالاکییە ناوخۆییەکان هەبووە، بەوپێیەی ماوەی دوو ساڵە پاڵەوانێتی بۆکسێنی عێراق ڕێکنەخراوە، سەرەڕای گرنگییەکەی لە دۆزینەوەی بەهرەکان و پەرەپێدانی توانای یاریزانان".


