ئیبراهیم عەبادی

لە ساتێکی هەرێمایەتیدا کە بە دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکان دەناسرێتەوە، ئاسایشی کەنداو چیتر تەنها مەسەلەیەکی سەربازیی ڕووت نییە، بەڵکو بووەتە پێکهاتەیەکی لێکدراو کە ڕەهەندەکانی ئاسایشی سیاسی، ئاسایشی وزە، ئابووری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێدا تێکەڵ دەبن. ئەگەر دامەزراندنی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو لە ساڵی 1981 لە چوارچێوەی سنووردارکردنی لێکەوتەکانی جەنگی عێراق و ئێراندا هاتبێت، ئەوا پرسیارەکە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار دەیە چیتر لەبارەی پاساوەکانی دامەزراندن نییە، بەڵکو لەبارەی ڕادەی پتەویی پێکهاتەکە و توانای گونجانییەتی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژینگەیەکی ستراتیژیی ئاڵۆزتر. ئەنجومەنەکە وەک چوارچێوەیەکی تەوافقیی هەرەوەزی دامەزرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەوەی بگاتە ئاستی "هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی یەکگرتووی پتەو". ئەو قەیرانەی لە ساڵی 2017 لە نێوان قەتەر و هەریەکە لە سعوودیە، ئیمارات و بەحرەین تەقییەوە، ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو درزێکی قووڵی لە تێگەیشتن بۆ هەڕەشەکان و لە پێشینەکانی سیاسەتی دەرەوە دەرخست.

سەرەڕای "ڕێککەوتنی عەلا" لە ساڵی 2021، کە ئاوەکەی گەڕاندەوە بۆ ڕێڕەوی خۆی، بەڵام لۆژیکی کێبڕکێ پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو بە شێوازێکی بێدەنگتر و پراگماتییانەتر خۆی دووبارە جێگیرکردەوە. جەنگی ئێران-ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەو دیدگایانەی خستەوە ژێر پرسیار کە ئەنجومەنی هاوکارییان لەسەر دامەزرا، هەروەها پرسیاری ئەوەی کە دەبێت ستراتیژیی ئاسایش چۆن بێت بەپێی تەحەددییە نوێیەکان، دوای ئەوەی کەنداو بووە گۆڕەپانی جەنگ، وێرانکاری، گەمارۆ، دڵەڕاوکێی ئەمنی و درزی دەروونی و کۆمەڵایەتی.

ئەو لێدوانانەی لەلایەن ئەنوەر قەرقاش، وەزیری پێشووی دەوڵەتی ئیمارات و ڕاوێژکاری ئێستای کاروباری دەرەوە دەرچوون، کە تێیدا ڕەخنەی لە ئەدای ئەنجومەنەکە گرت و بەوەی دانا کە لە لاوازترین دۆخی مێژووییدایە، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی ناوخۆیییە کە چوارچێوە دامەزراوەیییەکە چیتر توانای نییە جیاوازیی دیدگاکان لەخۆ بگرێت. ئەمەش لەگەڵ ئەدەبیاتی "قوتابخانەی کۆپنهاگن" لە خوێندنەوە ئەمنییەکاندا یەکدەگرێتەوە، کە پێی وایە ئاسایش لەرێگەی "تێگەیشتن بۆ هەڕەشەکان" بونیاد دەنرێت، بە هەمان ئەو ڕادەیەی کە لەرێگەی توانا ماددییەکانەوە بونیاد دەنرێت.

کەنداو خاوەنی نزیکەی 30 لەسەدی یەدەگی نەوتی جیهانی چەسپاوە، و نزیکەی سێیەکی دابینکردنی نەوتی دەریایی مسۆگەر دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی کە وابڕیار بوو یەکێک بێت لە ڕەگەزەکانی یەکخستن و تەبایی (وزە)، گۆڕا بۆ مەیدانی کێبڕکێ، بەتایبەت لە نێوان ئیمارات و سعوودیە.

لەو چوارچێوەیەدا، هەنگاوەکەی ئیمارات بۆ کشانەوە لە ڕێکخراوی ئۆپیک وەک ئاماژەیەکی خاوەن واتای سیاسی و ئابووری دەرکەوت، کە لە چوارچێوەی کێبڕکێ لەسەر سەرکردایەتیکردنی بازاڕی وزە تێگەیشتنی بۆ کرا، وەک دەربڕینێک بۆ ئارەزووی ئیمارات بۆ هەبوونی پانتایییەکی فراوانتر لە سەربەخۆیی لە سیاسەتەکانی بەرهەمهێنان و نرخاندن، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هاوسەنگییەکانی سەرکردایەتیکردن لەناو سیستەمی نەوتیدا کە سعوودیە بەبێ ڕکابەر سەرۆکایەتی دەکات.

هەروەها کێبڕکێ لە سیاسەتەکانی ڕاکێشانی وەبەرهێنان، گواستنەوەی بارەگای کۆمپانیاکان، و وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکان و هایدرۆجیندا دەردەکەوێت، ئەمەش ئابووری کەنداو زیاتر لە "کێبڕکێی هاوتەریب" نزیک دەکاتەوە وەک لە "تەواکاریی پێکهاتەیی".

وا دیارە ئیمارات پێداگرە لەسەر ئەوەی دوور بڕوات لە جێبەجێکردنی دیدگا تاکەکەسییەکانی خۆیدا، چونکە هەوڵ دەدات بەرەو بونیادنانی میحوەرێکی فرەلایەن بڕوات کە ئیسرائیل، هیندستان، یۆنان، قوبرس و ئەسیوپیا لەخۆ بگرێت، بە چاودێری ویلایەتە یەکگرتووەکان.

لەو چوارچێوەیەدا، ئیمارات سوودی لە ئیسرائیل وەرگرت بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوو، لەوانە سیستەمی "قوبەی ئاسنین"، لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی وەرچەرخانێکی جۆرییە لە شێوازەکانی هاوپەیمانییە ئەمنییەکاندا.

لە بەرامبەردا، سعوودیە مەیلی بۆ وێناکردنی میحوەرێکی ئیسلامی فراوانتر هەیە، کە پاکستان، میسر و ئوردن لەخۆ بگرێت، لەگەڵ هەبوونی دوودڵی بەرامبەر بە تێکهەڵکێشکردنی تورکیا.

سەبارەت بە سوڵتاننشینی عومان، نوێنەرایەتی مۆدێلی "بێلایەنی چالاک" دەکات، چونکە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ ئێران دەپارێزێت، لە کاتێکدا قەتەر سیاسەتێکی هاوسەنگیی نەرم پەیڕەو دەکات. هێشتا ئێران وەک یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی هەڕەشە لە خەیاڵدانی ئەمنیی کەنداودا دەبینرێت، لەژێر ڕۆشنایی بەردەوامبوونی ڕێبازی هەرێمایەتی و داخورانی متمانە لە نێوان ئەو و وڵاتانی کەنداو — بێجگە لە سوڵتاننشینی عومان و تا ڕادەیەک قەتەر.

لە بەرامبەردا، عێراق وەک گۆڕاوێکی یەکلاکەرەوە لە هەژمارە ئەمنییەکانی سعوودیەدا دەردەکەوێت، چونکە بەجێهێشتنی لە دۆخی دوودڵی و لاوازیدا ڕەنگە بیگۆڕێت بۆ "پەنایەکی لاواز"، هاوشێوەی یەمەن، لەگەڵ هەموو ئەو لێکەوتە جیۆپۆلیتیکی و ئەمنییە قووڵانەی کە هەیەتی.

مەسەلەکە تەنها لە ڕێکخستنەکانی بەرگریدا کورت نابێتەوە، چونکە ستراتیژیی ئەمنی ناتوانێت چاوپۆشی لە ناسنامە و پێداویستییە دەروونییەکانی بکات. بەپێی تێگەیشتنەکانی قوتابخانەی کۆپنهاگن و پێشەنگەکەی (باری بوزان)، ئاسایشی کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە توانای کۆمەڵگەکان بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان. لە کەنداو، نیگەرانییە پەیوەستەکان بە پێکهاتەی دانیشتووانەوە لە زیادبووندایە، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی گومان و دوودڵی زیادەڕۆیی لە کەمینە شیعەکان و کاریگەریی جەمسەرگیرییە هەرێمایەتییەکان لەسەریان، بەتایبەت دوای جەنگی چل ڕۆژە و ئەو دەستگیرکردن و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەیەی کە هاوەڵی بوو، ئەمەش ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکاتە ڕەگەزێکی هەستیار لە هاوکێشەی ئاسایشی گشتگیردا.

بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا، کە لەسەر فرەمیحوەر و دژبەریی ستراتیژییەکان وەستاوە، مەیدانەکە بۆ تاکڕەوی میحوەرێکی دیاریکراو دەکاتەوە — بەتایبەت ئەو میحوەرەی پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە — بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئاسایشی ناوچەکە.

بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ نزیکبوونەوەیەکی نوێی کەنداوی کە لەسەر بنەمای دووبارە پێناسەکردنەوەی هەڕەشەکان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ بونیاد بنرێت، هەروەها بونیادنانی تەواکارییەکی ئابووریی ڕاستەقینە، و تێکهەڵکێشکردنی عێراق لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتیدا، و کردنەوەی کەناڵەکانی وتووێژی ورد لەگەڵ ئێران. ئاسایشی کەنداو چیتر مەسەلەی پاراستنی سنوور و سەروەریی سەرچاوەکانی داهات نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی هاوسەنگییە ئاڵۆزەکانی نێوان ناوخۆ و دەرەوەیە. دوای 45 ساڵ لە دامەزراندنی ئەنجومەنی هاوکاری بۆ دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو، وا دیارە تەحەددییە ڕاستەقینەکە تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکاندا نییە، بەڵکو لە توانای بەرهەمهێنانی دیدگایەکی هاوبەشدایە بۆ خودی ئاسایش — کە ئەمەش ئایندەی ئەم سیستەمە لە جیهانێکی خێرا گۆڕاودا دیاری دەکات.