هەولێر - INA

ئەمرۆ یەک شەممە ، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە بۆئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن،و جەختیشی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە بەپێی ڕێککەوتنامە واژۆکراوەکان بەردەوامە.

بەگوێرەی ناوەرۆکی راگەیەندراوەکە : وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو هەواڵانەی باس لە بڕینی هاوکارییەکان دەکەن دوورن لە ڕاستی و پرۆسەی پاڵپشتییەکان بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، بەردەوامییان هەیە، و ئەم پاڵپشتییانە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا پێشکەش دەکرێن.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردۆتەوە کە تەنها هاوکارییەکانی پەیوەست بە شەڕی دژی داعش وەستاون، ئەوەش بەهۆی "سنوورداربوون و کەمبوونەوەی چالاکییەکانی تیرۆریستانی داعەوەیە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا، گفتوگۆکان بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنی ئەمریکی دەستپێبکاتەوە بە مەبەستی درێژەدان بە هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا ، و تا ساڵی 2026 هاوکارییە دارایی و لۆجیستییەکان بەپێی خشتەیەکی کاتی ڕێکخراون و لێکتێگەیشتنی ئێستا تا مانگی نۆی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت.