بەغداد - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانی کرد بە وەرگرتنی داواکارییەکانی جوتیاران و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لە گردبوونەوەکانیاندا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەیی،تیایدا ڕایگەیاند: "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەدواداچوونی بۆ داواکارییەکانی توێژی جوتیاران سەبارەت بە شایستە دارایییەکانیان و ئەو ڕووداوانە کرد کە لە کاتی بڵاوەپێکردنی گردبوونەوە ئاشتیخوازەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕوویاندابوو.

هەروەك ڕێنماییدا : بە وەرگرتنی سەرجەم داواکارییەکانی جوتیاران، و لێکۆڵینەوە لە بابەتی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو گردبوونەوە داواکارییانەدا.

بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەو دەورە سەرەکییەی کە جوتیاران دەیبینن لە ناو پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانیدا.

هەروەك جەختی لەسەر کارنامەی جێگیری حکومەت لە چاودێریکردنی جوتیاران و بەدەنگەوەچوونی داواکارییەکانیان و دابینکردنی هۆکارەکانی گەشەپێدانی کەرتەکانیان کردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد : کە جوتیاران ئەو توێژەن کە زۆرترین پەرۆشییان هەیە بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی و مامەڵەی یاسایی ڕێکوپێک لەگەڵ کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان،کە سەرجەمیان کوڕی ئەم وڵاتە و لە پێکهاتەکانی عێراقن بەبێ جیاوازی.