بەدواداچوون - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،کۆریای باکوور، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئەمریکای ڕەتکردەوە کە دەڵێن پیۆنگیانگ دەستی هەیە لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بۆ کۆکردنەوەی داهاتی نایاسایی، و ئەو قسانەی بە "بوختانی بێبنەما" وەسفکرد .

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ڕایگەیاند واشنتن دەیەوێت بە بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشەکارانە دەربارەی "هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، وێنەی وڵاتەکەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بشێوێنێت.

ئەمریکا دەڵێت پیۆنگیانگ ملیاران دۆلاری لە ڕێگەی هاککردن و دزینی سەروەتە دیجیتاڵییەکانەوە دەستکەوتووە بۆ خۆدەربازکردن لە سزاکان و دابینکردنی بودجەی چەک.

هەروەک وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە 100 کۆمپانیای ئەمریکی کەوتوونەتە داوی هاککەرانی کۆریای باکوورەوە، کە هەندێکیان بە ناوی خوازراوەوە وەک کارمەندی تەکنەلۆژیا دامەزراون.

لەلایەکی ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان مەزندەی دەکات پیۆنگیانگ لە ساڵی 2017 وە تا ئێستا، زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری لە ڕێگەی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دزیبێت و لە پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژدا خەرجی کردبن.