بەغدا - INA- محەمەد تاڵبی

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی كشتوكاڵ وردەكاریی پڕۆژەیەكی ستراتیژی بە هاوكاری لەگەڵ بەرنامەی خۆراكی جیهانی بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایشی خۆراك لە ناوچە وشك و نیمچە وشكەكان ئاشكرا كرد، وەزارەتەكە وێڕای ئاماژەدان بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای (كشتوكاڵی زیرەك) و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، هاوكات وەزارەت پێكهێنانی لیژنەیەكی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی مشتومڕەكانی دەوروبەری ئامارەكانی ناوچە بیابانییەكان لە عێراق ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی دارستان و بیابانبوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ بەسام كەنعان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : عێراق لە ئێستاوە دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەری سروشت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، بە ئامانجی بەهێزكردنی خۆڕاگریی پێكهاتە لاوازەكان و گەیشتن بە ئاسایشی خۆراك لەو ناوچانەی كە زۆرترین زیانی وشكەساڵییان لەسەرە.

ئاماژەی بەوەشكرد : پڕۆژەكە بەڕێوەبردنی بەردەوامی زەوی لەگەڵ شێوازەكانی كشتوكاڵی زیرەك تێكەڵ دەكات، لەڕێگەی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و هەستكردن لە دوورەوە و بەكارهێنانی كشتوكاڵی مۆدێرن، ڕوونیشیكردەوە كارەكە پێنج پارێزگاری كردۆتە ئامانج: نەینەوا، سلێمانی، ئەنبار، نەجەف، و موسەننا، ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەكە ڕاستەوخۆ 7000 جووتیاری بچووك دەكاتە ئامانج، گرنگی بە چاندنی ڕووەكی خۆڕاگر دەدات كە بەرگەی بارودۆخی سەخت بگرێت و سەقامگیركردنی تەپۆڵكەكانی خۆڵ لەو ناوچانەی كە تووشی زریانی تۆز دەبن، لە هەمان كاتدا سیستەمی ئاودێری مۆدێرن و بەهێزی خۆر جێبەجێدەكات بۆ كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتییەكە هۆشداریی دا لە خراپتربوونی دیاردەی كۆچی ژینگەیی، ڕوونیشیكردەوە، كەمبوونەوەی باران و زیادبوونی بیابانبوون، جووتیارانی ناچاركردووە زەویەكانیان جێبهێڵن و كۆچ بكەن بۆ شارەكان، ئەمەش فشارێكی بەرچاوی خستۆتە سەر سەرچاوە و خزمەتگوزارییەكانی شارەكان.

لە چوارچێوەیەكی پەیوەندیداردا كەنعان ئاشكرای كرد : كە لە ئێستادا هیچ ئامارێكی ورد بۆ ناوچە بیابانییەكان لە عێراقدا نییە، جەختی لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی نیشتمانی كردووەتەوە كە پێكهاتبێت لە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ، سەرچاوە ئاوییەكان، بیناسازی، پلاندانان و ژینگە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و دیاریكردنی وردی ڕادەی ڕاستەقینەی كێشەكە، بە مەبەستی دەركردنی ڕاسپاردەكان كە ڕەنگدانەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد : بەرنامەكە كە تا ساڵی 2029 درێژدەبێتەوە، بە قۆناغێكی ڕاهێنانی ستاف و سودمەندان دەستیپێكردووە، پێشبینی دەكات ئەنجامی بەرجەستە تا كۆتایی پڕۆژەكە، لەوانە ڕاهێنانی هەزار جووتیار لەسەر كشتوكاڵی زیرەك، 3 هەزار جووتیار لەسەر بەردەوامیی زەوی، و ڕاهێنانی 4 هەزار بەكارهێنەر لەسەر پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی زانیاری، لەگەڵ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتە ناوخۆییەكان بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئەم پڕۆژانە دوای جێبەجێكردن.