هەولێر - INA
ئەمڕۆ هەینی رێكەوتی 1-5-2026 نێژیرڤان بارزانی پەیامێكی بەبۆنەی رۆژی جیهانی كرێكاران بڵاوكردەوە و كە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) بەدواداچوونی بۆ پەیامەكە كردوو و ئەمەش دەقی پەیامەكەی نێژیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.
یەكی ئایار، ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، بە گەرمی لە هەموو كرێكارانی كوردستان، عێراق و جیهان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان پیرۆز دەكەم. بە ڕێز و پێزانینێكی زۆرەوە لە ڕەنج و ماندووبوونیان دەڕوانم كە ڕۆڵی كارایان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە.
لەم یادەدا، جارێكی دیكە جەخت لە پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا ڕەواكانی كرێكاران دەكەینەوە. پێداگری دەكەین لەسەر پێویستیی پابەندیی تەواو بە یاسای كارەوە، هەروەها دابینكردنی ژینگەیەكی سەلامەت و دادپەروەرانە كە تیایدا شكۆ و مافی هەموو كرێكارێك پارێزراو بێت و دڵنیاییی ژیان و گوزەرانێكی شایستەیان بۆ فەراهەم بكات.
سڵاو دەنێرین بۆ گیانی ئەو كرێكارانەی لە كاتی كاردا گیانیان لەدەست داوە. لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێ ئەركی تەواوی خۆیان جێبەجێ بكەن لە چاودێریكردن و هاوكاریكردنی خێزان و كەسوكاریان و پێشكەشكردنی هەموو پشتیوانییەكی پێویست.
هیوای پشوویەكی ئارام و سەركەوتن بۆ هەموو كرێكاران دەخوازم. یەكی ئایار لە هەمووان پیرۆز بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
1ی ئایاری 2026.

