بەغدا – INA – وسام مەلا
عەممار موسا کازم، ئەمینی بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەردەوامیی پڕۆژەکانی ژێرخان و سەرخانی لە پایتەخت ڕاگەیاند، هاوكات جەختی لە دانانی پلانێک کردەوە بۆ پەرەپێدانی کەناراوەکانی ناوچە کۆنەکەی پایتەخت.
ئەمینی بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: گرنگترین ئەو پلانانەی کە ئەمانەی بەغدا خەریکی جێبەجێکردنیانە، بریتین لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی لە ماوەی ڕابردوودا دەستیان پێکردووە، لەوانەش ئەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی 'بەغدا جوانترە' ڕاگەیەندراون.
وتیشی: پڕۆژەکانی ئەمانەی بەغدا بەردەوامن لە تەواوکردنی قیرتاوکردنی ڕێگەوبانەکان و نوێکردنەوەی گەڕەکەکان و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، جگە لە تەواوکردنی ئەو پردانەی کە پێشتر دەستیان پێکردووە. سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی کە وڵات لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستادا پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەمانە پەرۆشە بۆ چالاککردنی توانای خۆیی و کارگەکانی بەرهەمهێنانی قیڕ بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان و دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ .
ئاماژەی بەوەش کرد: قۆناغی دووەمی پەرەپێدانی شەقامی ڕەشید دەستی پێکردووە، و کار دەکەین بۆ پەرەپێدانی کەناراوەکانی ناوچە کۆنەکەی بەغدا، ئەمەش یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمان کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕابیتەی بانکە تایبەتەکان و بە دارایی بانکی ناوەندیی عێراق ئەنجام دەدرێت



