بەغدا - INA
محەمەد جەعفەر سەدر، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە قەتەر، جەختی کردەوە کە هێز و سەقامگیری عێراق فاکتەرێکی پاڵپشتە بۆ ئاسایش و سەقامگیری کەنداو و ناوچەکە، وێڕای ئاماژەدان بەوەی عێراق پەرۆشە بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە سەقامگیر و هاوسەنگەکان لەگەڵ دەوروبەری کەنداویدا، ڕوونیشیکردەوە کە ڕووداوەکانی دوایی بە ڕوونی گرنگی بوونی عێراقێکی بەهێز و هاوسەنگیان نیشان دا.
جەعفەر سەدر لە کاتی دیدارەکەیدا لەگەڵ جابر سالم ئەلحەرەمی، سەرۆک نووسەری ڕۆژنامەی "الشرق"ی قەتەری، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: عێراق گەواهیدەری کرانەوەیەکی زیاترە بەڕووی وەبەرهێناندا، بەتایبەتی لە کەرتە زیندووەکاندا، لەگەڵ پێشوازییەکی تایبەت لەو ڕۆڵەی کە کۆمپانیا قەتەرییەکان دەیگێڕن، لە نێویاندا (قەتەر بۆ وزە) لە پڕۆژەکانیدا لە تەک گەورە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری لە عێراقدا.
باڵیۆز جەختی کردەوە کە کرانەوەی عێراق بەڕووی دەوڵەتی قەتەردا پشت دەبەستێت بە قووڵایی پەیوەندییە برایانە، کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان لەگەڵ دەوروبەری کەنداویدا، جەختیشی لەسەر پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ گواستنەوەی ئەم پەیوەندییانە بۆ ئاستێکی تەواوکەرتر و گشتگیرتر، لە سۆنگەی میراتێکی درێژخایەنی پاڵپشتی دوولایەنە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئاماژەی بە گرنگی بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوە میدیاییەکاندا کرد و وتی: عێراق پێی باشە گفتوگۆکانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ نێوەندگیری لایەنی سێیەم بەڕێوەببات، و باڵیۆزخانەش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ ڕۆژنامەی الشرق لە ڕێگەی دابینکردنی زانیاری ورد و جێی متمانە دەربارەی کاروباری عێراق، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت لە نیشاندانی وێنەیەکی هاوسەنگ کە ڕەنگدانەوەی واقیع بێت، بەدوور لەو بڕیارە ناوردانەی کە لە هەندێک میدیادا بڵاودەبنەوە.
هەروەها تیشکی خستە سەر بوونی ژمارەیەک پڕۆژەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان عێراق و قەتەردا، و بارودۆخی ناوچەکە لە ماوەی دواییدا، بەتایبەتی لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا، ڕێگرییان کرد لە واژۆکردنیان و کۆنەبوونی لیژنە هاوبەشەکان لە وادەی خۆیاندا"، جەختیشی کردەوە لە کارکردن بۆ دووبارە چالاککردنەوەی ئەم ڕێڕەوانە بەو جۆرەی کە هاوکاریی دوولایەنە بەهێز بکات و وەریبگێڕێت بۆ ئەنجامی بەرجەستە.
ڕوونیشیکردەوە کە هەندێک دۆسیە کە ڕەهەندی تەکنیکی یان مێژووییان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەیەکی یاسایی و لێکتێگەیشتندا بەڕێوەببرێن، بە جۆرێک کە دەستەبەری ئەوە بکات نەبنە هۆکاری گرژی کە کاریگەری لەسەر جەوهەری پەیوەندییە برایانەکان هەبێت، بەتایبەتی لە سایەی پەرۆشی عێراق بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکی سەقامگیر و هاوسەنگ لەگەڵ کەنداوی دراوسێیدا ، جەختیشی کردەوە کە هێز و سەقامگیری عێراق فاکتەرێکی پاڵپشتە بۆ ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە بە گشتی، نەک سەرچاوەی دڵەڕاوکێ یان هەڕەشە.
وتیشی: ئەو پەرەسەندنانەی کە جەنگی ئێستا هێناونیەتە ئاراوە و ئەو گۆڕانکاری و گواستنەوە ستراتیژییانەی لە هاوسەنگی هێزدا لێی کەوتەوە، بە ڕوونی گرنگی بوونی عێراقێکی بەهێز و هاوسەنگیان دەرخست، کە توانای هەبێت بەشداری بکات لە بەدیهێنانی هاوسەنگی ناوچەیی، کەمکردنەوەی مەترسییەکان، و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی سەقامگیری و گەشەپێدانی هاوبەش.
لای خۆیەوە، جابر سالم ئەلحەرەمی، سەرۆک نووسەری ڕۆژنامەی "الشرق"، جەختی کردەوە کە سەقامگیری و گەشەسەندنی عێراق فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری تەواوی ناوچەکە، و ئامادەیی ڕۆژنامەی "الشرق"یشی نیشان دا بۆ پەرەپێدانی هاوکاری میدیایی لەگەڵ باڵیۆزخانەدا، لە ڕێگەی گواستنەوەی وێنەیەکی ڕاستەقینە دەربارەی عێراق، و ڕێکخستنی دیدار و سەردانی میدیایی کە هاوکار بن لە بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی دوولایەنە، جەختیشی لەسەر ڕۆڵی میدیا کردەوە وەک ئامرازێکی کاریگەر لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ لێکنزیکبوونەوەی گەلان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان.
سەرۆک نووسەری ڕۆژنامەی "الشرق" ئارەزووی ڕۆژنامەکەی نیشان دا بۆ "ڕێکخستنی سەردانێک بۆ عێراق کە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە باڵا سیاسی و حکومییەکان بگرێتەوە، بەتایبەتی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، بە مەبەستی گواستنەوەی وێنەیەکی ڕاستەوخۆ و ورد لەسەر دۆخی عێراق"، ئاماژەی بەوەش کرد "ڕۆژنامەکە پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراقدا هەیە و هەوڵدەدات ئەم پەیوەندییە پەرەپێبدات بە شێوەیەک کە پاڵپشتی هاوکاری میدیایی نێوان هەردوولا بکات
