بەغدا - INA

دەستەی کەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وردەکاریی دۆخی کەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند، هاوکات پێشبینی بارینی تاوەباران و هەورەبروسکەی کرد تاوەکو دووشەممەی داهاتوو.

ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ئاماژەی بەوە کردووە:سبەی هەینی، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بارینی تاوەباران و هەورەبروسکە لە بەشەکانی ڕۆژئاوای وڵات، هەروەها ئەگەری بارینی تاوەبارانی سووک لە هەندێک ناوچەی باکوور هەیە. پلەکانی گەرما لە ناوچەی ناوەڕاست وەک خۆیان دەمێننەوە و لە ناوچەکانی باکوور و باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە.

هەروەها هاتووە، بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی هەینی لە پارێزگاکانی عێراق بەم شێوەیە دەبێت:

سلێمانی ٢٤، دهۆک و هەولێر ٢٥، نەینەوا ٢٩، کەرکوک ٣٠، دیالە ٣١، سەڵاحەدین ٣٢، بەغداد و ئەنبار و کەربەلای پیرۆز و واست ٣٣، بابل و نەجەفی ئەشرەف و دیوانییە و میسان و موسەنا و بەسرا ٣٤، زیقار ٣٥ پلەی سیلیزی.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: ڕۆژی شەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بارینی تاوەبارانی سووک لە شوێنی جیاجیای ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور، لە ناوچەی باشووریش ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵەهەور. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور نزیک دەبن لە پلەکانی گەرمای ڕۆژی پێشوو، لە ناوچەی باشووریش کەمێک بەرز دەبنەوە.

سەبارەت بە دۆخی کەشوهەوای ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو: ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵەهەور لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، لە ناوچەی باکووریش ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارین. با لە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دەبێت و خێراییەکەی سووک بۆ مامناوەند دەبێت، لە بەشەکانی ڕۆژئاوا چالاک دەبێت و خێراییەکەی دەگاتە (٣٠) کم لە کاتژمێرێکدا و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ. پلەکانی گەرما بە گشتی چەند پلەیەک بەرز دەبنەوە. مەودای بینین (٦-٨) کم دەبێت و لە کاتی تۆزوخۆڵدا بۆ (٣-٥) کم کەمدەبێتەوە.

هەروەها دەربارەی کەشوهەوای ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو هاتووە: ئاسمان لە نێوان ساماڵ و نیمچە هەوردا دەبێت بە گشتی لەگەڵ بارینی تاوەبارانی سووک لە شوێنی جیاجیای ناوچەی باکوور. با لە ئاڕاستەی باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دەبێت و خێراییەکەی مامناوەند بۆ چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ. پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور چەند پلەیەک دادەبەزن و لە ناوچەی باشوور نزیک دەبن لە پلەکانی گەرمای ڕۆژی پێشوو. مەودای بینین (٥-٧) کم دەبێت و لە کاتی تۆزوخۆڵدا بۆ (٢-٤) کم کەمدەبێتەوە