بەدواداچوون - INA
بانکە ناوەندییەکان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا زیادبوونێکی بەرچاویان لە یەدەگی زێڕیاندا تۆمارکرد، کە خێراترین پرۆسەی کڕین بووە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا، ئەمەش بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە دابەزینی نرخەکان بۆ بەهێزکردنی کۆگاکانیان.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ کە تایبەتە بە بەدواداچوونی بازاڕی زێڕ، کۆی کڕینی پاکی کەرتی فەرمی لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی 244 تۆن، لە کاتێکدا لە چارەکی پێشوودا 208 تۆن بووە.
هەریەکە لە پۆڵەندا و ئۆزبەکستان و چین لە سەرووی لیستی ئەو کڕیارانە بوون کە کڕینەکانیان ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا خەمڵاندنەکان ئاماژە بە هەبوونی پرۆسەی تری کڕین دەکەن کە بە فەرمی ڕانەگەیەندراون، ئەمەش نیشاندەری چالاکییەکی فراوانترە لەوەی لە داتاکاندا بڵاوکراوەتەوە.
نرخی زێڕ لەمساڵدا گۆڕانکاری و هەڵبەز و دابەزێکی زۆری بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی مانگی یەنایەردا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد، پێش ئەوەی لە مانگی ئازاردا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران.
نرخەکان لەژێر کاریگەری چەند هۆکارێکدا بوون، کە گرنگترینیان بەرزبوونەوەی نرخی وزە بوو، کە بووە هۆی بەهێزبوونی ئەو پێشبینییانەی کە بانکە ناوەندییەکان نرخی سوو بە بەرزی دەهێڵنەوە یان زیاتری دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان.



