بەدواداچوون - INA

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین، ئەمڕۆ چوارشەممە، پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران دوپاتکردەوە.

کۆشکی کرێملین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هەردوو سەرۆک ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، کە تێیدا سەرۆکی ڕووسیا پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکەی ترەمپ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست دەربڕی."

ئاماژەی بەوەشکرد: "گفتوگۆکانی نێوان پوتین و ترەمپ ڕاشکاو و دۆستانە بوون و زیاتر لە کاتژمێر و نیوێکی خایاند"، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە "پوتین چەند بیرۆکەیەکی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشنیار کردووە بۆ سەرۆکی ئەمریکا."

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ترەمپ پێیوایە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی ئۆکرانیا نزیک بووەتەوە."

هەروەها باس لەوە کراوە: "پوتین کۆمەڵێک پێشنیاری پێشکەش کردووە بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە بەرامبەردا ترەمپ هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ئەنجامەکانی قۆناغی کۆتاییهاتوی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لەگەڵ تاران خستەڕوو."