بەغداد – INA

وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شەممەری، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی کردەوە: ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی کارا بەشدارە لە بونیادنانی پردی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دەزگا ئەمنییەکاندا.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شەممەری، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی کۆنگرەیەکی فراوانی کرد کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنەوە ڕێکخرابوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە ئەمنییەکان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی کورتەی وەرزی چالاکییەکانی بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەت، لە هەنگاوێکدا کە جەخت لەسەر ئەو پێگە جەوهەرییە دەکاتەوە کە فەرمانگەکە لە پاڵپشتیکردنی سیستەمی ئەمنیدا دەیگێڕێت."

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "شەممەری گوێبیستی کورتەیەک بوو کە لەلایەن سەرۆکی فەرمانگەکە، لیوا میقداد میری پێشکەشکرا، تێیدا دیارترین دەستکەوتەکان، ڕێژە سەدییەکان، و ڕووماڵە مەیدانییەکانی خستەڕوو کە بەشداربوون لە بەهێزکردنی هۆشیاریی ئەمنی و چەسپاندنی ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتی"، ڕوونیشیکردەوە: "کۆنگرەکە چەندین سەرنجی ئامادەبووان و نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بەخۆوە بینی کە ڕۆڵی فەرمانگەکەی لە بەهێزکردنی ئەمن و چەسپاندنی سەقامگیریدا بەرجەستە دەکرد."

بەپێی بەیاننامەکە، شەممەری جەختیکردەوە: "ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی کارا بەشدارە لە بونیادنانی پردی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دەزگا ئەمنییەکاندا"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ڕاگەیاندنی ئەمنی هێزێکی نەرم پێکدەهێنێت کە لە کاریگەریدا هاوشانی هەوڵە مەیدانییەکانە."

هەروەها تەئكیدی لەسەر "گرنگی پەرەپێدانی گوتاری ڕاگەیاندن و پەیڕەوکردنی هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ ئەدای کارکردن کردەوە، بەجۆرێک کە کارایی کارەکان بەرز بکاتەوە و لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکەدا بگونجێت."