بەغدا – INA

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل، ئەمڕۆ سێشەممە، شەهیدبوون و برینداربوونی ٤ منداڵی ڕاگەیاند بەهۆی تەقینەوەی تەنێکی نامۆ کە لە پاشماوەکانی جەنگ بووە لە ناحیەی ئەسکەندەریە.

فەرماندەیی پۆلیس لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "بە دڵێکی پڕ لە ئازار و خەمەوە، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل هەواڵی ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕادەگەیەنێت کە ناحیەی ئەسکەندەریە لە کۆتایی گەڕەکی (العطاء) بەخۆوەی بینی، کاتێک ڕێگەیەکی خۆڵ بووە گۆڕەپانی کارەساتێکی بەژان بەهۆی تەقینەوەی تەنێکی نامۆی پاشماوەی جەنگەکان".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "ڕووداوەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی دوو منداڵی بێتاوان و برینداربوونی دوو منداڵی دیکە، کە خەریکی یاریکردن بوون لە شوێنێکدا کە جگە لە مەترسییەکی شاراوە لەژێر خۆڵەکەیدا هیچی تری بۆ هەڵنەگرتبوون، ئەمەش دیمەنی دڵڕەقی ئەو پاشماوە جەنگییانەمان بیردەخاتەوە کە هێشتا گیانی بێتاوانەکان دەوێت".

ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیشیکردەوە: "هەر دوای گەیشتنی هەواڵەکە، مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و پسپۆڕانی تەقەمەنی ڕاسپێردران بۆ پشکنین، لەوێ پاشماوەی تری جەنگی لە جۆری بۆمبی هێشوویی نەتەقیو دۆزرانەوە، دواتر بەپێی ڕێکارە فەرمییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و بە بەشداری مەفرەزەکانی بەرگری شارستانی ناوچەکە پاککرایەوە و ئەو پاشماوە مەترسیدارانە هەڵگیرانەوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی ئەسکەندەریە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست"، فەرماندەیی پۆلیس جەختی کردەوە کە "ئەم کارەساتە بەژانە جارێکی تر زەنگی مەترسی لێدەداتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان، بەتایبەتی منداڵان، لە مەترسی تەنە نامۆکان ئاگادار بکرێنەوە و پێویستە لێیان دوور بکەونەوە و دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە، بۆ پاراستنی گیانیان لەو مەترسییە بێدەنگەی کە هێشتا هەڕەشە لە بێتاوانەکان دەکات".