بەغدا – INA
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر چەک و پارەی سەر بە تۆمەتبارە ناسراو بە (ئەبو درع) ڕاگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆ لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "پاڵپشت بە فەرمانی دادوەریی دەرچوو لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند، هێزێکی هاوبەش لە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدا بۆ سەر چەند شوێنێکی جیاواز لە بەغدای پایتەخت کە سەر بە کەسی ناوبراو (ئیسماعیل، ناسراو بە ئەبو درع) و کوڕەکانی و پاسەوانەکانی بوون".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانە سەرەکە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی (١٣) ئۆتۆمبێل، لەگەڵ بڕێکی زۆر لە چەکی قورس و مامناوەند و سوک و تەقەمەنییەکانیان، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بڕە پارەیەکی کاش".
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە "هێزەکە توانیویانە (دوو) تۆمەتبار دەستگیر بکەن، لە کاتێکدا پرۆسەی گەڕان و ڕاوەدوونان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی و داواکراوەکانی دیکە بەردەوامە، کە تا ئێستا ژمارەی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچوو بۆیان گەیشتووەتە (١٦) فەرمان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕادەستکردنیان بە دادگا تا سزای دادپەروەرانەی خۆیان بەپێی یاسا وەربگرن".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە وەزارەتی ناوخۆ –دووپاتی کردەوە کە بەردەوامە لە "ئەنجامدانی ئەرکە ئەمنییەکانی بە پیشەییبوونی بەرز و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، بۆ ڕاوەدوونانی یاساشکێنان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا".


