دیوانیە - INA - سەفا عەزاوی

کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە دیوانیە، سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییە ڕۆشنبیرییە گشتییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشانگایەکی کتێبی لە باخچەکانی کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی قادسیە کردەوە، بە بەشدارییەکی هونەریی دیار و جۆری.

فەیسەڵ ڕەحیم حوسێن، بەڕێوەبەری کۆشکی ڕۆشنبیری و هونەر لە پارێزگاکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پێشانگاکە بۆ نیشاندانی ڕووی ڕۆشنبیری و زانستی شاری دیوانیە و بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ڕێکخراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکە کاردەکات بۆ چەسپاندنی گرنگی کتێبی چاپکراو و بەردەوامی ئامادەیی، سەرەڕای گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و دەرکەوتنی ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان، بەهۆی ئەو ڕۆڵە میحوەرەی کتێب هەیەتی لە دەوڵەمەندکردنی بوارە زانستی و ڕۆشنبیرییەکاندا".

لای خۆیەوە، ماجد بەسری، سەرپەرشتیاری ڕێکخستنی پێشانگاکە، لە لێدوانێکیدا بۆ (INA) ڕوونیکردەوە: "پێشانگاکە نمایشکردنی کۆمەڵێک ناونیشانی جۆراوجۆری بەخۆوە بینی کە ڕۆمان، چیرۆک، کتێبی زانستی و مێژوویی، و بڵاوکراوە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی لەخۆگرتبوو".

بەسری ئه‌وه‌یش وت: "وەشانی ئەمساڵ جیاواز بوو بەهۆی زیادکردنی بەشدارییە هونەری و پیشەییە نوێیەکان، کە بەشەکانی وێنەکێشان و هێڵکاری، پیشە دەستییەکان و چنینی لەخۆگرتبوو، جگە لە گۆشەی تایبەت بە خواردنە میللییەکان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پێشانگاکە ئامادەبوونێکی بەرچاوی کەسایەتییە ئەکادیمی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە دیارەکانی بەخۆوە بینی، لەگەڵ کاردانەوەیەکی گەورەی خوێندکاران و ڕۆشنبیران".