بەغدا - INA
دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، سازکردنی کۆبوونەوەیەکی حکومی بۆ یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی ڕاگەیاند.
دەستەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری، دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئەمڕۆ میوانداری کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بە سەرۆکایەتی فەریق عومەر عەدنان وائیلی، بۆ تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە ڕێکخستنی کارەکانی دەروازە سنووری و گومرگییەکانەوە هەیە لە سەرتاسەری عێراق، بە بەشداری نوێنەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان".
ههروهها ئهوهیش هاتووه كه: "کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە لەسەر یەکخستنی پێناسەی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (ئاسیکۆدا) لە هەموو دەروازە سنوورییەکان بێ جیاوازی، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە ڕێکارەکان و ئاسانکاری بۆ جوڵەی کاڵاکان. هەروەها بەشداربووان چەندین دۆسیەی سەرەکییان تاوتوێ کرد، لەوانە: میکانیزمەکانی لێخۆشبوونی گومرگی، لیستەکانی قەدەغەکردن و سنووردارکردن، پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری، ڕێکارەکانی پشکنینی تیشکی، پابەندبوون بە دیاریکراوەکانی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی، چارەسەرکردنی دیاردەی دەروازە ناڕەسمییەکان، و یەکخستنی ڕێکارە باجییەکان".
دەستەکە ڕوونیشیکردەوە: "ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارێکدایە کە ئامانجیان یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و بەهێزکردنی تەواکاری ئابوورییە لە نێوان ناوەند و هەرێمدا".
وائیلی لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە لەسەر "پێویستی تاوتوێکردنی هەموو بڕگەکان بە گیانێکی ئەرێنی، و کردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و دابینکردنی داواکارییەکانیان و ئاسانکاری جوڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و پارێزگاکان وەک لە پێشینەی کارەکان".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم هەنگاوانە ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە کەمکردنەوەی فشار و بارگرانی سەر شانی شۆفێران و بازرگانان، ئەمەش بە ئەرێنی لەسەر ڕەزامەندی هاووڵاتیان ڕەنگدەداتەوە و دڵنیایی و سەقامگیری ئابووری دابین دەکات".
هەروەها وتی: "ناوچەکە بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێپەڕ دەبێت کە پێویست دەکات هەمووان دەستبەرداری ناکۆکی و جیاوازییەکان بن لە بیروڕا و جێبەجێکردندا".
لە کۆتاییدا وتی: “دەستەی دەروازە سنوورییەکان وەک خاڵی بەیەکگەیشتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەرێم دەمێنێتەوە، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە پتەوەی کە عێراق یەک وڵاتە بە هەرێم و پارێزگاکانییەوە"، ئاماژەی بەوە دا کە "تەواکاری لە نێوان دەروازەکاندا گەرەنتییەکە بۆ ئاسایشی ئابووری وڵات".


