بەغدا INA واع – ئامنە سەلامی
شارەوانی بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، ئامادەباشی تەواوی هەوڵە خزمەتگوزاری و ئامێرەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلە بارانەی کە پایتەخت بەخۆوەی دەبینێت ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا کرد بۆ گەڕاندنەوەی تەزووی کارەبا و چارەسەرکردنی خێرای تێکچوونەکان.
عەدی جەندیل، وتەبێژی شارەوانی بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA )ی ڕاگەیاند: "لەگەڵ بارینی باران لە ناو پایتەختی بەغدا، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کە بە فەرمانی ئەندازیار عەممار موسا کازم، سەرۆکی شارەوانی بەغدا پێکهێنراوە، چالاک کرا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تەواوی هەوڵەکانی فەرمانگەکانی شارەوانی و فەرمانگەی ئاوەڕۆی بەغدا لە مەیدانەکەدا خراونەتە گەڕ، لەگەڵ ئامادەباشی تەواوی ئامێر و هێزی مرۆیی، و هەموو ئامێرەکان لە سەر شەقامەکان کاردەکەن بۆ کێشانەوەی ئەو ئاوانەی لە ناو بەغدا کۆبووەتەوە".
وتییشی: "بڕی بارانەکە زۆرە و لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، وێستگە سەرەکییەکانیش بە زۆرترین توانای خۆیان کاردەکەن، هەروەها سەرپەرشتی ڕاستەوخۆ لەلایەن مەحموود عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی بەغداوە هەیە، جگە لە ئامادەباشی کارمەندانی ئاوەڕۆ بۆ کێشانەوەی ئاوی باران".
باسی لەوەش کرد کە "هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا لە چوارچێوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا هەیە بۆ چاککردنەوەی هەموو ئەو گرفتانەی دەبنە هۆی بڕانی کارەبای نیشتمانی و گەڕاندنەوەی لە زووترین کاتدا".
ڕوونیشیکردەوە کە "هەوڵەکان لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا بەردەوامن بۆ کێشانەوەی ئاوی باران، هەروەها ژمارەیەک بۆ سکاڵا و ئەپڵیکەیشنی (بەغدا دەنگی هاووڵاتی) هەیە بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتیان سەبارەت بە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی کۆبوونەوەی ئاو، و تا ئێستا هیچ کێشەیەکی گەورەمان لە کێشانەوەی ئاوەکەدا تۆمار نەکردووە جگە لە هەندێک شوێن نەبێت کە ئامێرەکان سەرقاڵی کێشانەوەیانن".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "شارەوانی ژمارەی چوار خانەیی ٥٦٢٨ی تەرخانکردووە بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتیان، لەگەڵ ئەپڵیکەیشنی (بەغدا دەنگی هاووڵاتی)، کە تێیدا هەموو سکاڵاکان وەردەگرین و کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنیان لە زووترین کاتدا".
دوپاتیشی کردەوە کە "هەموو وێستگە لاوەکییەکان بە بەردەوامی کاردەکەن و هەڵمەتەکانی چاککردنەوە پێش بارینی بارانەکە بەردەوام بوون، بەپێی ڕێنماییەکانی ڕەزاق یەعقوبی، بریکاری شارەوانی، بۆ ئەنجامدانی چاککردنەوەی گشتگیر بۆ تۆڕەکانی ئاوی باران، و کاروباریش بەو شێوەیە دەڕوات کە پلانی بۆ داڕێژراوە".