دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە عەلی زەیدی کرد حکومەت پێکبهێنێت، بڕیارە ناوبراو ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ "چوارچێوەی هەماهەنگی" کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی وەزیرەکانی کابینەکەی.

هاوپەیمانی شیعەکان کە بە "چوارچێوەی هەماهەنگی" ناسراوە، ئەمڕۆ دووشەممە عەلی زەیدی وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناساند.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە زەیدی کرد وەک کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، حکومەتی نوێ پێکبهێنێت.

بەپێی دەستووری عێراق، ئێستا زەیدی 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی و پێشکەش کردنی بە پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی متمانە.

زەیدی کە تەمەنی لە چلەکاندایە، یەکێکە لە کەسایەتییە دەوڵەمەندەکانی عێراق و بەرژەوەندییە ئابوورییە بەرفراوانەکانی لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە، لەوانە بانکی و دابینکردنی پرۆگرامی سەبەتەی خۆراکی حکومەتی عێراق، کە پرۆگرامێکە حزمەتگوزرای بە ملیۆنان هاووڵاتی عێراق پێشکەش دەکات.

عێراق لە ساڵی 2003ەوە بە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات بەڕێوەدەبرێت؛ بەشێوەیەک کە سەرۆکایەتی عێراق بەدەست کوردەوەیە و سەرۆکوەزیران بەدەست شیعەکانەوەیە و سەرۆکی پەرلەمانیش بەدەست سوننەکانەوەیە.