بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، جەختی لە مافی عێراق کردەوە لە بەرگریکردن لە خۆی و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتن یان بەکارهێنانی خاکەکەی، لە هەمان کاتدا ڕاسپاردەی دا بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر لایەنە یاساشکێنەکان.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەباح نعمان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرپەرشتی سێیەمین کۆبوونەوەی خولیی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تێیدا باس لە کۆی بارودۆخی ئەمنیی وڵات کرا و چاو بەو بابەتانەدا خشێنرا کە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون و بڕیار و ڕاسپاردەی پێویستیان لەبارەوە درا، لە نێویاندا ڕاپۆرتی تایبەت بە بەدواداچوونی سەرچاوەکانی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، هاوردەکردنی سیستەمی دژە فڕۆکە، و دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسیی ململانێ هەرێمییەکان".

وتیشی "بەشداربووان باسیان لە پێشهاتە هەرێمییەکان و تەحەددییە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکان کرد، لەگەڵ پابەندیی حکومەت بە پاراستنی سەروەریی عێراق و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، لە ڕێگەی ڕێکاری تەواوکاری لەسەر ئاستە ئەمنی و کارگێڕی و دیپلۆماسییەکان".

ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەنجومەن جەختی لە مافی عێراق کردەوە لە بەرگریکردن لە خۆی، و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتن یان بەکارهێنانی خاکەکەی"، باسی لەوەش کرد کە "لەسەر بنەمای ئەم گفتوگۆیانە، جەخت لە کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گرنگ کرایەوە، لەوانە:

یەکەم: ڕێکارە ئەمنی و سەربازییەکان

سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر لایەنە یاساشکێنەکان.

گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنی و سەربازی و یاسایی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە، یان هەر هێرشێک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر لایەنێک کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کار دەکات، لەگەڵ ڕاوەدوونانی ئەنجامدەرانی ئەم کارانە بەبێ هیچ جیاکارییەک، بە جۆرێک کە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی مسۆگەر بکات.

دووەم: ڕێکارە کارگێڕییەکان

دەرکردن و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو لایەن و توخمە خراپەکارانەی تێوەگلاون لە کارە نایاساییەکان و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا.

سێیەم: پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان

هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتیی نێردە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان بە کارێکی ڕەتکراوە و دژی یاسا دادەنرێت، و حکومەت ڕێکاری توندی سەربازی و ئەمنی و یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم کارانە دەگرێتە بەر، بە جۆرێک کە سەروەریی دەوڵەت و شکۆی دامەزراوەکانی بپارێزێت.

بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە وەک کارێکی تیرۆریستی دادەنرێت، هەمان وەسفیش دەچێتە سەر هەر کارێک کە نێردە دیپلۆماسییەکانی ناو عێراق بکاتە ئامانج.

چوارەم: بەهێزکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان

چڕکردنەوەی پەیوەندی و هەماهەنگیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری هەرێمی، و پەیڕەوکردنی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن وەک بژاردەی سەرەکی، بە شێوەیەک کە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق گەرەنتی بکات و پێگەی هەرێمیی بەهێز بکات.

بەهێزکردنی میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سنووربەزێنەکان.

یەکخستنی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئەمنییەکان، بە جۆرێک کە هاوکاریی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەهێز بکات.

جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی وڵاتانی دراوسێی خوشک و دۆست بەوەی خاکەکانیان نەکەنە مەڵبەندێک بۆ هێرشکردنە سەر عێراق، یان دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خاک و ئاسمان و ئاوەکانی.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد کە "پاراستنی دەوڵەت پێویستی بە بڕیاری توند و ڕێکاری پێشوەختە هەیە، و تەواکاری نێوان کارە ئەمنی و کارگێڕی و دیپلۆماسییەکان پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەهێزکردنی ئابووری و پاراستنی پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتیی عێراق"، ڕوونیشیکردەوە کە "بەشداربووان جەختیان کردەوە لەسەر قەدەغەکردنی هەر کارێکی سەربازی دژی هەر لایەنێک بێت لە ناو خاکی عێراقدا، و عێراق خۆی بەرپرسیارە لە ئاسایشی خۆی و هیچ لایەنێک مافی نییە دەستوەرداتە کاروبارییەوە".