کەرکووک - INA - ڕوودی ئەنوەر

ژمارەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە هاتووچۆیە دڵتەزێنەی کە ناوچەی "دەروازە" لە باکووری شاری کەرکووکی هەژاند، بۆ 33 کەس بەرزبووەوە، کە پێکهاتوون لە 6 گیانلەدەستدان و 27 بریندار، ئەمەش دوای ئەوەی شۆفێری بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ بەهۆی خێراییەکی زۆرەوە کۆنترۆڵی لەدەستدا.

پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) لە زاری شایەتحاڵەکانەوە گواستییەوە: بارهەڵگرێکی گەورەی گواستنەوەی چیمەنتۆ بە خێراییەکی زۆر لە شەقامی 'دەروازە'ی قەرەباڵغ و لە نزیک ناوەندی ڕۆشنبیری دەڕۆیشت، بەهۆیەوە شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە زنجیرەیەک ئۆتۆمبێلدا، ئەمەش زیانێکی مادی زۆر و ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی لە ناو ڕێبواراندا دروست کرد."

لای خۆیەوە، ئەرجان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکووک بە (INA)ی ڕاگەیاند: "”فەرمانگەی پزیشکی دادوەری تەرمی 6کەسی وەرگرتووە، هەروەها نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری پێشوازی لە 26بریندار کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد : کە تیمە پزیشکییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە و ئێستا نەشتەرگەری پەلە بۆ ژمارەیەک لەو بریندارانە دەکرێت کە تووشی شکاوی و برینی سەخت بوون.

پەیوەست بە رووداوەکە "عەمید حوسام خەلیل" بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کەرکووک بە (INA)ی ڕاگەیاند: ڕووداوەکە بووەتە هۆی تێکشکانی 24!ئۆتۆمبێل، جەختیشی کردەوە کە تیمەکانی ڕزگارکردن توانیویانە ئەو ئاگرە بکوژێننەوە کە لە چەند ئۆتۆمبێلێکدا کەوتبووەوە، و سەرکەوتوو بوون لە دەرهێنانی ئەو هاووڵاتیانەی کە بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردبوو.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا سبەی دووشەممە ماتەمینی گشتی بێت و هاتنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ ناو شار لە کاتژمێر 7 ی بەیانی تاوەکو 12ی شەو قەدەغە بکرێت.

لەسەر ڕووداوەکەش، محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک فەرمانی بە فەرمانگەی تەندروستی کرد کە هەموو تواناکان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەری بریندارەکان، هەروەها جەختی لە فەرماندەیی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ کردەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و ورد بۆ زانینی هۆکارەکانی ڕووداوەکە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دەستپێبکەن.