هەولێر – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی تەواوی بۆ هاوکاریکردنی قوربانیانی ڕووداوە نالەبارەکەی شاری کەرکووک دەربڕی.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : تەواوی نەخۆشخانەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕووداوەکەی شاری کەرکووک و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە پێویستەکان بۆیان.
وەزیری تەندروستی جەختیشی کردەوە کە تیمەکانی تەندروستی فریاگوزاری خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ ناردنی هەر پێداویستییەک لەوانە خوێن،و دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ شوێنی ڕووداوەکە و نەخۆشخانەکانی کەرکووک.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی ژمارەیەک لە هاووڵاتیان لەو ڕووداوەدا، هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.



