بەدواداچوون-INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ بن فەرھان، هاوتا سعودییەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە رێڕەوە دیپلۆماسییەکان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: عەباس عێراقچی و فەیسەڵ بن فەرھان لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان کردووە بۆ راگرتنی شەڕ.

وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : عێراقچی هاوتا سعودییەکەی لە دوایین هەوڵ و جووڵە دیپلۆماسییەکان ئاگادار کردووەتەوە کە بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە شەڕ و هێورکردنەوەی بارگرژییەکان ئەنجام دەدرێن.

لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند کە عێراقچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تارق، سوڵتانی عومان، مەسقەتی بەرەو ئیسلام ئاباد بەجێهێشتووە.