بەدواداچوون - INA

بەرپرسانی شاری شیکاگۆی ئەمریکا ڕایانگەیاند، ئەفسەرێکی پۆلیس گیانی لەدەستدا و ئەفسەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو، دوای ئەوەی لە ناو نەخۆشخانەیەک لەو شارەدا تەقەیان لێکرا.

"لاری سنێلین"بەڕێوەبەری پۆلیسی شیکاگۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەکەی بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە.

هەروەها سنێلین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەفسەرەکان کەسێکیان بۆ چاودێری گواستبووەوە بۆ نەخۆشخانەی (سویدیش)، لەو کاتەدا دوو ئەفسەرمان بەر دەستڕێژی گوللە کەوتن، یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و ئەفسەری دووەمیش لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لە ململانێدایە بۆ مانەوە لە ژیان،ئەمەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس.