یۆنان - INA

لە بەردەوامیی دیدارەكانی لە پەراوێزی كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفیدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ستاڤرۆس پاپاستاڤرۆ وەزیری ژینگە و وزەی یۆنان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەكرا كە لە دوای بەڕێوەچوونی كۆڕبەندەكانی دێڵفی لە یۆنان و سلێمانی، پێكەوە كاربكەن بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەكاندا بكەوێتە قۆناغی كردارییەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ كرا لەبارەی دروستكردنی تیمی تەكنیكیی پسپۆڕ لە بوارەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی دامەزراوەكان و گەشتیاریی و كشتوكاڵ و وزە و تەندروستی بۆ ئامادەكردنی نەخشەڕێگەیەك بۆ رێكخستنی پەیوەندییەكان و هەنگاونانی كرداری.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگیی یۆنان بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێچەوانەشەوە گرنگیی هەرێم بۆ یۆنان كرا. هاوڕابوون كە یۆنان دەتوانێت پردێك بێت بۆ دروستكردنی پەیوەندیی كشتوكاڵیی هەرێم لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا و هەروەها هەرێمیش دەتوانێت دەروازەیەك بێت یۆنان بەڕووی ناوچەكانی دیكەی عێراقدا.