نێودەوڵەتی – INA

ئاژانسی "تەسنییم" بڵاویکردەوە کە هیچ ئاڕاستەیەک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئێستادا نییە، و جەختی کردەوە کە تاران داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن نەکردووە.

ئاژانسە ئێرانییەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە کە ئێران تاوەکو ئێستا بە تەواوی داواکارییەکانی ئەمریکای بۆ ئەنجامدانی دانوستان ڕەتکردووەتەوە، و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو داواکارییانە "داواکاری زیادەڕۆیانە"یان تێدایە.

هەروەها ئەوەشی هاتووه‌ کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە یەکەم خولی پەیوەندییەکانەوە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانەوە، هەوڵی ڕێکخستنی خولێکی نوێی گفتوگۆکانی داوە، بەڵام ئەمە لەلایەن ئێرانەوە قبوڵ نەکراوە.

لە هەمان چوارچێوەدا، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لە ناوخۆی ئێراندا نییە سەبارەت بە چوونە ناو دانوستان لەگەڵ واشنتن، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان لەسەر سروشتی داواکارییەکانی ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "فارس" لە زاری سەرچاوە نزیکەکان لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەختی کردەوە کە "هیچ دانوستانێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە" لە قۆناغی ئێستادا.