ئەسینا – INA

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان،لە پەراوێزی یازدەیەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی لە یۆنان،لەگەڵ "دیمیتریس پاپاستێرجیو"وەزیری حکومڕانی ئەلیکترۆنی و زیرەکیی دەستکردی یۆنان کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیراندا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی یۆنان لە بواری حکومڕانی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (AI) بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

بەگوێرەی ناوەرۆکی راگەیەندراوەکە : لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لینکێکی پەیوەندی لە نێوان پسپۆڕانی هەردوو حکومەت دروست بکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان.

هەروەک جەختکرایەوە لە سەر گرنگی دروستکردنی سەنتەرێکی پێشکەوتووی زانیاری بۆ حکومەتی هەرێم بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : هەردوولا هاوڕابوون کە دیجیتاڵکردنی حکومەت متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات بەهێزتر دەکات و رۆتین کەمدەکاتەوە.

لەو ڕوانگەیەوە ، قوباد تاڵەبانی ، ئاماژەی بەوە کرد: لە دە ساڵی ڕابردوودا ژێرخانێکی باشمان لە پڕۆژەکانی وەک بایۆمەتری، و پۆرتاڵی خزمەت و ماڵپەڕی شەفافییەت بونیاد ناوە، بەڵام ئامانجی داهاتوومان بەستنەوەی تەواوی ئەم سیستەمانەیە بە زیرەکیی دەستکردەوە بۆ ئەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شەفافترین و خێراترین شێوە جێبەجێ بکرێت.