بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ هەینی "پێیت هیگسێس" وەزیری جەنگی ئەمریکا،جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر گەرووی هورمزدا گرتووە، و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت لە گەرووەکە بچێتە دەرەوە یان بێتە ناوەوە.
"هیگسێس"لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) رووماڵی دەکرد ، تیایدا ڕایگەیاند: کۆنترۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە و ڕێگە بە چوونەژوورەوە و چوونەدەروەی کەشتییەکان نادەین.
وتیشی: ئەو گەمارۆ دەریاییەی خراوەتە سەر ئێران بەردەوامە و ڕەهەندێکی جیهانیی وەرگرتووە.
وەزیری بەرگری ئەمریکا زیاتر وتی: لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکە بۆ سەر ئێران، ڕێڕەوی 24 کەشتییان گۆڕیوە و دەست بەسەر تانکەرە نەوتییەکانی تری ئێرانیشدا دەگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە ئێران دەرفەتی هەیە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی باش، بەڵام کات لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا نییە لە ژێر سێبەری ئەو گەمارۆیانەی خراونەتە سەر کەناراوەکانی.


