بەدواداچوون - INA
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ئەنجامدانی چالاکییەکی جەستەیی دیاریکراو و سووک بۆ ماوەیەکی کورت لە ڕۆژێکدا، دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن و باشترکردنی تەندروستی دڵ.
تویژەرە بەریتانییەکان داتای 30 توێژینەوەیان شیکردەوە کە زیاتر لە 2600 کەسی پێگەیشتووی گرتەوە کە کێشیان زیادە یان قەڵەون و بە ڕێکوپێکی یۆگایان ئەنجامداوە. دەرکەوتووە کە زۆربەی بەشداربووان هەفتانە نزیکەی سێ جار و هەرجارە و بۆ ماوەی 60 خولەک یۆگایان کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 25 خولەک لە ڕۆژێکدا.
دوای بەدواداچوون بۆ ماوەی لانی کەم 12 هەفتە، توێژەران دابەزینێکی روونیان لە پەستانی خوێنی بەشداربوواندا تۆمارکرد، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک.
لە شیکارییەکەدا، 23 توێژینەوە لە وڵاتانی ئاسیا ئەنجامدراون، لە بەرامبەر حەوت توێژینەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و ئوسترالیا،هەروەها جۆری یۆگا ممارەسەکراوەکە یەک جۆر نەبووە و لە نێوان ڕاهێنانی سووک و ڕاهێنانی قورسدا بووە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە دابەزینی پەستانی خوێن لە بەشداربووە ئاسیاییەکاندا ڕوونتر بووە، بەڵام توێژەران پێیان وایە هۆکارەکەی بۆ جیاوازی قەبارەی نموونەکان دەگەڕێتەوە نەک بۆ جیاوازی کاریگەری یۆگا لە نێوان گرووپە دانیشتووانە جیاوازەکاندا.
بەپێی ئەنجامەکان، پەستانی خوێنی سیستۆلی (ژمارە سەرەوەکە کە هێزی پاڵنانی خوێن لە خوێنبەرەکاندا دەپێوێت لە کاتی لێدانی دڵدا) بە بڕی 4.35 میلیمەتر جیوە دابەزیوە، لە کاتێکدا پەستانی خوێنی دیاستۆلی (ژمارە خوارەوەکە کە لە کاتی پشوودانی دڵ لە نێوان لێدانەکاندا دەپێوێت) بە بڕی 2.06 میلیمەتر جیوە دابەزیوە.
توێژەران پێیان وایە ئەم دابەزینە نزیکە لە کاریگەری هەندێک دەرمانی پەستانی خوێن، هەرچەندە وەڵامدانەوە بۆ دەرمانەکان بەزۆری لای زۆرێک لە نەخۆشەکان زیاترە، ئەوەش بەپێی باری تەندروستی و جۆری چارەسەرەکە دەگۆڕێت.
لەپاڵ ئەوەشدا، باشبوونێکی کەم لە ئاستی کۆلیستڕۆڵ لای ئەوانەی یۆگا دەکەن بەدی کراوە، لەوانەش دابەزینی کۆلیستڕۆڵی خراپ (LDL)، کە یەکێکە لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەکان و زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ.
لە بەرامبەردا، بەڵگەکان بەهێز نەبوون سەبارەت بە کاریگەری یۆگا لەسەر ڕێکخستنی شەکرەی خوێن یان کەمکردنەوەی هەوکردنەکان، کە دوو هۆکارن پەیوەندییان بە تەندروستی دڵەوە هەیە.
داتا پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چارەسەرە دەرمانییەکان دەتوانن پەستانی خوێنی سیستۆلی بە بڕی 8.7 میلیمەتر جیوە لە ماوەی هەشت هەفتەدا لای هەندێک نەخۆش دابەزێنن، لەگەڵ جیاوازی ئەنجامەکان بەپێی بارودۆخی کەسەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت دابەزینە کەمەکانیش لە پەستانی خوێندا گرنگن، چونکە خەمڵێندراوە کە دابەزاندنی پەستانی سیستۆلی بە بڕی تەنها 5 میلیمەتر جیوە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی 10%.
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی مەترسی پەیوەندیدار بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک، ئەمەش وای کردووە هەر دەستێوەردانێک کە بەشدار بێت لە دابەزاندنیدا، گرنگییەکی تەندروستی گەورەی هەبێت.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ئەدینبرە سەرپەرشتی کراوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە یۆگا تەنها وەک چالاکییەک بۆ باشترکردنی توانای جەستەیی گشتی سەیر ناکرێت، بەڵکو دەکرێت بەشدار بێت لە پشتگیریکردنی تەندروستی دڵ و میتابۆلیزم لای ئەو کەسانەی کێشیان زیادە یان قەڵەون.
سەڕەڕای ئەم ئەنجامە ئەرێنییانە، توێژەران ڕوونیان کردەوە کە هۆکاری وردی پشت کاریگەری یۆگا لەسەر دابەزاندنی پەستانی خوێن هێشتا ڕوون نییە، بەڵام پێدەچێت ئاستی سترێس کەم بکاتەوە، کە هۆکارێکی ناسراوە بۆ کاریگەری لەسەر پەستانی خوێن.
هەروەها توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری PLOS Global Public Health بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی ئەو توێژینەوانەی شیکراونەتەوە توێژینەوەی تێبینی کردن بوون، ئەمەش بەو مانایەیە کە ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە بوترێت یۆگا بە تەنیا هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەم باشتربوونانەیە، چونکە دەکرێت هۆکاری تری وەک سیستەمی خۆراک یان شێوازی ژیان ڕۆڵیان هەبێت.
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە باشترین ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن، تێکەڵکردنی چەندین هۆکارە، لەوانە: پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی
تەندروست،و کەمکردنەوەی خوێ، و وەرزشکردنی بەردەوام،و پاراستنی کێشێکی گونجاو،و دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی کحول و کەمکرەنەوەی سترێس،لەگەڵبەکارهێنانی دەرمان لە کاتی پێویستدا.
سەرچاوە: ئاژانسەکان
