بەغدا - INA

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێوەبەری عێراق لە دەوڵەتی لیبیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە ئامادەیی عێراق کردەوە بۆ دەسپێکردنی ئاسۆیەکی ستراتیژی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و زانیاریی لیبیادا.

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: ئەحمەد ئەلسەحاف، کاربەڕێوەبەری عێراق لە دەوڵەتی لیبیا، لەگەڵ سالم عالیم، وەزیری ڕۆشنبیری و گەشەپێدانی زانیاری لە بارەگای وەزارەت لە تەرابلوسی پایتەخت کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا باسیان لە مێژووی پەیوەندییە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و گفتوگۆکانیان سەبارەت بە کۆمەڵێک ڕێڕەو بۆ پەرەپێدانی پلانەکانی داهاتوو لە کەرتی ڕۆشنبیری، هونەر و زانیاری لە نێوان بەغدا و تەرابلوس تازە کردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەحاف جەختی لە ئامادەیی عێراق کردەوە بۆ دەسپێکردنی ئاسۆیەکی ستراتیژی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و زانیاریی لیبیا، ئەوەش لە ڕێگەی گفتوگۆگەلێکەوە کە خاسیەتی قووڵی و زانستییان پێوە دیار بوو.

ئەوەشی خستەڕوو، هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرد بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی گشتگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا، هەروەها تاوتوێی ڕێگە و میکانیزمەکانی پاڵپشتیکردنی کارە هونەری، داهێنەرانە و شانۆییەکانیان کرد لەم بارەیەوە.

لای خۆشیەوە سەحاف جەختی لە قەبارەی تواناکانی هونەری و شارەزایی نوخبە ڕۆشنبیرییەکانی عێراق کردەوە، ئاماژەشی بە ڕۆڵی دیپلۆماسییەتی ڕۆشنبیری کرد لە گەیشتن بە لوتکەی هاوکاریی چاوەڕوانکراوی نێوان هەردوولا