بەغدا- INA

لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن و حوکمڕانیی پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، میوانداری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق و کادری پێشکەوتووی کۆمپانیاکەی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی گومانەکانی گەندەڵی و بارودۆخی کارکردن لە ناو کۆمپانیاکەدا.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن و حوکمڕانیی پەرلەمان، بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار هیام یاسری (سەرۆکی تەمەن)، و بە ئامادەبوونی ئەندامانی لێژنەکە و بەشداریی پەرلەمانتار ئایات ئەدهەم، ئەندامی لێژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان، میوانداری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق و کادری پێشکەوتووی ناو کۆمپانیاکەی کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گومانەکانی گەندەڵی و بارودۆخی کارکردن لە ناو کۆمپانیاکەدا.

بەگوێرەی ڕاگەئەندراوەکە ، لێژنەکە جەختی لە گرنگی چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ناڕەزایەتی لە نێوان کارمەندان و بەهێزکردنی شەفافییەت کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەرەنجامەکانی ئەم میواندارییە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بە بەردەوامی کارکردن بۆ ڕێکخستنەوەی دۆسیە دارایی و کارگێڕییەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان کرد، هاوکات باسی لە تۆمارکردنی باشتربوون لە داهاتەکانی کۆمپانیاکەدا کرد.

لە کۆتایی میواندارییەکەدا، لێژنەکە -وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە- ئیدارەی کۆمپانیاکەی ڕاسپارد کە هەموو بەڵگەنامە و زانیارییە پەیوەندیدارەکانیان بۆ بنێرن، و وەڵامی فەرمی بۆ پرسیاری ئەندامانی لێژنەکە ئامادە بکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرگرتنی بڕیاری گونجاو